دەیان شوێن لە باڵەکایەتی بۆ 'زێڕ و پارچەی شوێنەوار' هەڵدەکەندرێن

 
رووداو - باڵەکایەتی

دەیان شوێن لە سنووری باڵەکایەتی هەڵدەکەندرێن و دەگوترێت، دەستێکی نادیار لە شەواندا بۆ مەبەستی دۆزینەوەی زێڕ و پارچەی شوێنەوار هەڵیان دەکەنن.
 
عەلی باسانی، هاونیشتمانی دەڵێت، "کۆمەڵێک یان گرووپێکن، کەس نازانێت هی ئێرەن یان شوێنی دیکە، کاتی وا دێن و ئەو شوێنانە هەڵدەدەنەوە هەستی پێناکەین، لەو سنوورەی ئێمە رەنگە پێنج بۆ شەش شوێن هەڵکەندرابن، گۆڕستان و گۆڕ و هەر شتێک ئاماژەیەکی لەسەر بێت، ئەوان ژێرەوەی هەڵدەکۆڵن."
 
نزیکەی 20 شوێن لەو سنوورە هەڵکەندراون، ماوەی مانگێکە ئەم دیاردەیە زۆرتر پەرەی سەندووە. گۆڕستانی کۆن و مێژوویی، تاشە بەردی گەورە، بەردێک کە هێما و ئاماژەی لەسەربێت یان کون بێت، کۆمەڵە بەردێکی بەتەنیشت یەکەوە، هەموو ئەوانە ژێریان هەڵکەندراوە.
 
جەوهەر محەممەدەمین، هاونیشتمانی باسی لەوە کرد، "من بە شەخسی خۆم لە گوندەوە بە پیاسە هاتمە ئێرە و بینیم ئەو دوو شوێنە هەڵکەندراون، ئینجا هیچ شوێنەواری ئامێر و شتیشی لەسەر نییە، بەڵکو بە دەست کارەکە کراوە، بەڵام پێدەچێت تەنها کەسێک نەبووبێت."
 
بۆ هەڵکەندنی زۆربەی شوێنەکان، کەرەستەی سادە بەکارهاتوون و ئامێری گەورە بەکارنەهێندراوە، بەڵام کارەکە ورد و بە ئامانج کراوە. شوێنەواری سۆران دەڵێت، دەستی دەرەکی لەپشت ئەم کارەوەیە.
 
هێمن رەشید، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە رووداوی گوت، "وەکو ئێمە دەیبیستینەوە، کەسی دەرەوە لەپشت ئەم گرووپ و کەسانەن و هانیان دەدەن، رەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ تێکدانی مێژوو و شوێنەوارەکانی ئەم دەڤەرە."
 
لەو دەڤەرە جاری یەکەم نییە هەڵکەندنی شوێنەکان بکرێت؛ ساڵانی رابردووش لەو جۆرەی هەڵکەندن و گەڕان بەدوای زێڕدا لە کات و شوێنی جیاوازدا کراون، بەڵام لە ئەم ساڵدا زیاتر و فراوانتر بووە.