بەرپرسێکی یەکگرتوو: شاندێکی حەماس لە کوردستان بوون و باسی ئۆپەراسیۆنەکەی 7ـی ئۆکتۆبەریان کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکگرتوو دەڵێت، لەم ماوەیەدا شاندێکی حەماس لە هەرێمی کوردستان بوون و باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی حەوتی ئۆکتۆبەریان کردووە. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیەکی باش بۆ شەڕەکە بکرێت، چونکە ئەگەر فراوانتر بێت، کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون. گوتەبێژی یەکێتیش لەبارەی جەنگەکە گوتی، "ئێران هەوڵدەدات لە سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری، ناکۆکی بنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی بە سەلامەتی دەربچێت."
لە سیمپۆزیۆمی دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە هەولێر، جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە کرایەوە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێکرا. بەرپرسێکی یەکگرتوو کە بەشداری لە سیمپۆزیۆمەکەدا کرد، ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا شاندێکی حەماس لە کوردستان بوون و باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، سیمپۆزیۆمێک بە ناونیشانی ''دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەسەر هەرێمی کوردستان'' لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسیی هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا هەر یەک لە جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان قسەیان کرد.
جەعفەر ئێمینکی رایگەیاند، شەڕی کەرتی غەززە، لە نێوان ئیسلام و جوودا نییە، بەڵکو تەنیا شەڕێکە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و گوتی، ''دەبێ خوێندنەوەیەکی ورد بۆ شەڕەکە بکرێت، چونکە ئەگەر فراوان ببێت، ئێمەش (کورد) بەردەکەوین، بۆیە دەبێ پێشوەختە خۆمان ئامادە بکەین.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی شەڕی غەززە، پێشتر شەڕی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبەکان بووە، کە عێراقیش یەکێک بووە لەم وڵاتانە، بۆیە لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە، رەنگە هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق تووشی زیان بێت.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. لەو کاتەوەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 16 هەزار فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، هاوکات زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلیش لە ئەنجامی ئۆپەرانسیۆنەکەی حەماسدا کوژراون.
''دەرفەت بۆ ئاشتی هەبێت، شەڕ رەتدەکەینەوە''
زۆربەی قوربانیانی شەڕی نێوان گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بەتایبەتی ژن و منداڵن، جەعفەر ئێمینکی دەڵێت: ''ئێمە نکۆڵی لە هەموو جەنگێک دەکەین، تەنانەت بە کراوەیی دەڵێین، کوردی پارچەکانی کوردستانیش ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان دەرفەتی ئاشتی و دیموکراسییان هەبێت، پێویست بە شەڕ ناکات.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێت ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئیسرائیل زیانێکی زۆر گەورەی لە شەڕەکە بینیوە، حەماسیش براوە نییە، ئەو باجەی خەڵکی غەززەش لە شەڕەکەدا دەیدات، باجێکی یەکجار قورسە و لێکەوتەی زۆری لەسەر کەرتی غەززە دەبێت.''
جەعفەر ئێمینکی باسی لە ئەگەری لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کرد و گوتی: ''ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە هەیە و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە نەتەنیاهوو، (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) هەوڵ بدات حەماس لەنێو هاوکێشەکان دەربکات، بەڵام زۆر ئەستەمە بتوانێت حەماس لە هاوکێشەکاندا نەهێڵێت.''
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە بەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە ''تۆفانی ئەقسا'' پاڵپشتیی خۆی بۆ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دەربڕیوە و ئێستاش بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆ و سەربازی، پشتیوانی لە حەماس دەکات، جەعفەر ئێمینکی ئاماژەی بەوە کرد، ''بێدەنگبوونی ئێران لە شەڕەکەدا ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی شەڕەکە فراوان نەبێت، چونکە ئەگەر شەڕەکە فراوان بێت، رەنگە بۆ شەش یان حەوت ساڵی داهاتوو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت.''
ئەرکی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری دیموکراسیی عێراقی فیدراڵ سیاسەت دەکەن و ''هەڵوێستە فەرمییەکانی عێراقیش دیارن کە ئێمە داوا دەکەین کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت و ئاگربەست بکرێت، هەروەها دەبێ هەوڵ بدەین بەشێک لە ئاشتی و چارەسەرێکی ئاشتییانەی کێشەکە بین.''
جەعفەر ئێمینکی جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی قەبارەی هەرێمی کوردستان لەم ئاڵۆزییانەدا، دەستکەوتێکی ''یەکجار زۆر'' گەورەیە و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەبێ بە یەکڕیزی، تەبایی و حوکمڕانییەکی باش قەبارەکەی بپارێزن.
''شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئاسەواری لەمێژینەی هەیە''
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد، سەرەڕای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ''تۆفانی ئەقسا'' لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل ئاسەواری لەمێژینەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 60 ساڵ لەمەوبەر.