لە ئەڵمانیا گەنجان دژى گەڕاندنەوەى خزمەتى سەربازی خۆپیشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوابەدواى گەڕاندنەوەى خزمەتى سەربازی لە فەرەنسا، ئەڵمانیاش دواى 14 ساڵ لە راگرتنی، بڕیاری گەڕاندنەوەى لە پەرلەمانى وڵاتەکەى پەسەند کرد.
لە سەرەتاى ساڵى نوێوە، هەموو گەنجێکى تەمەن 18 ساڵ دەبێ فۆرمێکى زانیاریی بۆ خزمەتى سەربازیی پڕبکاتەوە و گەنجانى وڵاتەکە بەمە دڵخۆش نین.
ئانتۆن، خوێندكارە و باس لەوە دەکات، "رێژەیەکی زۆر رەگەزپەرستی و دەستدرێژی لەنێو هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیادا هەیە. ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک لە خەڵکی ئێمە ناچار بکرێت بچێتە ئەوێ. نامانەوێت خەڵکی هاوتەمەنی ئێمە بخرێنە هیچ لیستێکی یەدەگەوە کە لەوانەیە لە کۆتاییدا لە سەنگەرەکان کۆتاییان پێبێت."
دواى درێژەکێشانى جەنگى رووسیا و ئۆکراینا، وڵاتانى ئەورووپا دەستپێشخەرییان لە بەهێزکردنى یەکینەکانى سوپا کردووە.
تەنیا لەمساڵدا، جگە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا، کرواتیا و دانیمارکیش بەشێوازى جیا خزمەتى سەربازییان گەڕاندووەتەوە.
تێس داتزەر، خوپیشاندەرە و باس لەوە دەکات، "ئێمە لێرە دژی سەربازیی زۆرەملێ خۆپیشاندان دەکەین. من تەمەنم 18 ساڵە. و بە دڵنیاییەوە نامەوێت خەڵکی نەوەی من ناچار بکرێن بچنە جەنگ. بۆ وڵاتێک کە شتێکی کەمی بۆ ئێمە کردووە. هیچ هۆکارێکی باش نابینم بۆ ئەوەی نەوەی ئێمە ناچار بکرێت بچێتە جەنگ."
حکومەتى ئەڵمانیا دەڵێت، خزمەتەکە زۆرەملێ نییە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە ئەگەری تۆمارێکى کەمی گەنجان بۆ خزمەتەکە، لە داهاتوودا ببێتە زۆرەملێ.