وەزارەتی دارایی عێراق: خەرجیی مووچە شەش ترلیۆن دینارە و کورتهێنان نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی پەرلەمانتارێک دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە خەرجیی مانگانەی مووچە 8.5 ترلیۆن دینار بێت. جەختیش دەکاتەوە کە ئەو "دوو ترلیۆن"ـەی باس دەکرێت کورتهێنان نییە، بەڵکو پارەی تەرخانکراوە بۆ مانگی داهاتوو.
ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەدواداچوونیان بۆ قسەکانی پەرلەمانتارێک کردووە کە لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنییەوە ژمارەی نادروستی لەبارەی داهات و خەرجیی مووچە خستووەتەڕوو."
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن خەرجیی مانگانەی مووچە 8.5 ترلیۆن دینارە بەرامبەر داهاتی 6 ترلیۆن دینار." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی گشتیی خەرجیی مووچە (فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی) مانگانە دەگاتە 6 ترلیۆن دینار، ئەمەش یەکسانە بە تێکڕای داهاتی بەدەستهاتوو."
لەبارەی ئەو دوو ترلیۆن دینارەی پەرلەمانتارەکە بە "کورتهێنان" ناوی بردووە وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، "ئەو لێکدانەوەیە لەڕووی ژمێریارییەوە هەڵەیە، ئەو پارەیە لە راستیدا داهاتی نەوتی بەدەستهاتووە و تەرخانکراوە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو، کە بەشێکە لە سووڕی سرووشتیی سیولەی نەختینە بۆ بەهێزکردنی باڵانسی وەزارەت، نەک کورتهێنانی دارایی."
سەبارەت بە گۆڕینی وادەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە رۆژی 17ـی مانگەوە بۆ رۆژی 2ـی مانگ، وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، "هۆکارەکەی پەیوەستە بە رێکارەکانی گۆڕینەوەی داهاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار و تەواوکردنی رێکارە بانکییەکان، بەتایبەت کاتێک سەرەتای مانگ دەکەوێتە رۆژانی هەینی و شەممە."
وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران، "تەواوی شایستە داراییەکان بە تەواوی مسۆگەر کراون."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، جیاوازی 9 مانگی 2024 و 2025 بۆ داهات و خەرجییەکانی عێراق دەری دەخات، ئەم ساڵ کۆی داهاتی عێراق 9 تریلیۆن دینار و کۆی خەرجییەکانی 5 تریلیۆن دینار زیاتر بووە، بە جۆرێک بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە 9 مانگی 2025دا کۆی خەرجییەکان 99.976 تریلیۆن دینار بوون، بەڵام لەهەمان ماوەی 2024دا 94 تریلیۆن دینار بوون.
لەماوەی ئەو 9 مانگەدا لەنێو خەرجییەکانی بەکارخستندا تەنیا ئەوەی وەک مووچە دابەشکراوە گەیشتووەتە 75.3 تریلیۆن دینار، بەشێوەیەک کۆی خەرجییەکان بۆ فەرمانبەران 45.563 تریلیۆن دینار، کۆی هاوکاری و پاداشت و خەرجی دیکە 8.9 تریلیۆن دینار و کۆی مووچەخورانی چاودێری کۆمەڵایەتی 20.9 تریلیۆن دینار بووە.
لەرووی داهاتەوە لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کۆی داهات 168. 91 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا کۆی داهات 114 تریلیۆن دینار بووە.
لەکۆی خەرجکراوی عێراق لەو 9 مانگەدا هەرێمی کوردستان بە رێژەی 8.3٪ بووە، لەکاتێکدا دوایین سەرژمێری رێژەی دانیشتوانەکەی 14.2٪ کۆی عێراق پێکدەهینێت. لەماوەی 9 مانگەکەدا هیچ دینارێکی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەرووی وەبەرهێنانەوە خەرجنەکراوە.