کچێکی 15 ساڵی شنگالی خۆی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
کچێکی شنگالی کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـە، لە کەمپی بێرسڤی دوو خۆی کوشتووە.
ئەو کچە ناوی سەلما سەعید عیدۆیە، لە 1ی شووباتی 2005 لەدایکبووە و لە کەمپی بێرسڤی دوو نیشتەجێ بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2021 کاژێر 11:30 خولەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ماهیر مشۆ، بەرپرسی کەمپی بێرسڤ دوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو رووداوە بنکەی تەندروستیی کەمپەکە و پۆلیس و ئاسایش و کارگێڕیی کەمپەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ کوڕێکی 20 ساڵی ئاوارەی شنگالی لە کەمپی روانگە لە دهۆک خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
چەند گەنجێکی خەڵکی شنگال لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینێکیان دەستپێکردووە دژی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاری دەربارەی رووداوی خۆکوشتن، چونکە بەپێی بۆچوونیان، بڵاوکردنەوەی وێنەکان خەڵکی دیکە هاندەدات بۆ لاساییکردنەوە.