دکتۆر مازن جەمیلە ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو قوتابییەی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی کە لە شاری هەولێر دەستگیرکرابوو، لە دادگا بێتاوان دەرچوو و ئازادکرا.
مازن هەیاس عەباس، کە بە مازن جەمیلە ناسراوە و قوتابی قۆناخی پێنجی کۆلێژی پزیکشی زانکۆی سلێمانییە. دوو هەفتە بەر لە ئێستا خواردنگەیەکی بە ناوی 'کیتۆ' لە شاری هەولێر کردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زانیاریی لەبارەی کیتۆدایت بڵاودەکردەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێ: "هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە".
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری مازن هەیاس بە رووداوی راگەیاند، مازن چووەتە بەردەم دادوەر، بەڵام هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە و بڕیاری ئازادکردنی دەرچووە و ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت.
لەبارەی تۆمەتەکانی سەر مازنیش گوتی: "چەند تۆمەتێکی خرابووە پاڵ، لەوانە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و ئەندامبوون لە پەکەکە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتەکانی بەسەردا ساخنەبوونەوە و نەتوانرا ماددەیەکی یاسایی بۆ دروستبکرێت بۆ دادگایی".
پێشتر جەمیلە مەهدی کاکەیی، دایکی مازن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بۆ رووداوی ناردبوو گوتی: " نازانم کوڕەکەم لەسەرچی دەستگیرکراوە، بەڵام دوای دەستگیرکردنی یەکجار قسەم لەگەڵیدا کردووە و پێیگوتووم: لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراوم".
دایکی مازن سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی کوڕەکەی گوتی: "لەبەرئەوەی لە دەرەوەی شار باخچەیەکمان هەیە، دەمانچەیەکی کڕیوە و مۆڵەتی هەڵگرتنیشی لای یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەرگرتووە، مەزن پێیگوتووم: دەستگیرکردنەکەم لێکتێنەگەیشتنە".