وەزارەتی کشتوکاڵ: لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین ئەم ساڵ تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگرێت
رووداو دیجیتاڵ
چەند مانگێکە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی رووپێوی و پڕکردنەوەی فۆڕمە بە جووتیاران، بۆئەوەی بزانێت قەبارەی چاندن و بەرهەمی گەنمیان بۆ ساڵی 2024 چەند دەبێت. راوێژکارێکی وەزارەتەکە دەڵێت، پێش پێگەیشتنی گەنم، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن بۆئەوەی تەواوی گەنمی ئەم ساڵ وەربگرن.
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک تۆن بووبێت، بەڵام حکومەتی عێراقی 500 هەزار تۆنی وەرگرت و ئەوەی مایەوە جووتیاران بە نرخی کەمتر فرۆشتیان، ئەم ساڵ بەگوێرەی پلانێک نامانەوێت ئەو کێشەیە دووبارە ببێتەوە."
ماوەی چەند مانگێکە لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕم و سەردانی مەیدانییەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وەرگرتنی زانیارییە لەسەر بەرهەمی گەنمی جووتیاران و قەبارەی زەوییەکانیان؛ راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "دەمانەوێت بزانین بەرهەمی گەنممان چەند دەبێت؛ 15ی ئەم مانگە کارەکانمان تەواو دەبێت و دواتر داتاکان دەدەینە بەغدا و گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بۆئەوەی ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم هەمووی وەربگرێت."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و 730 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندراوە، كە زۆرترینیان لە سلێمانی بووە، پاشان دهۆک و هەولێر.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆنی پارێزگای دهۆک بوو.
حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دیناری بەبێ رەچاوکردنی جۆرەکەی دایە جووتیاران، بەڵام بەشێکی گەنمی جووتیارانی وەرنەگرت و بە نرخی کەمتر لە بازاڕ ساخیان کردەوە، ئەوەش ناڕەزایی زۆری جووتیارانی لێکەوتەوە.