بەرەى تورکمانى پێشنیاز دەکات هەر 16 مانگ و پارێزگارى کەرکووک لە پێکهاتەیەک بێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرەى تورکمانى یەکگرتوو پێشنیاز دەکات هەر 16 مانگ جارێک پۆستى پارێزگارى کەرکووک بەدەست پێکھاتەکانى شارەکەوە بێت. ئەندامێکى ئەو لیستە دەڵێت، "بە گوێرەى پێشنیازەکە هەر پێکهاتەیەک پارێزگارى بەدەستەوە بێت، دوو پێکهاتەکەى دیکە پۆستەکانى جێگرى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن-یان پێبدرێت."
7ـی کانوونى یەکەمى 2024، ئەحمەد رەمزى، ئەندامى سەرکەوتووى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەسەر ئەو بنەمای ئەو پێشنیازە دانوستاندن لەگەڵ دوو پێکهاتەى دیکەى عەرەبی و کورد دەکەن.
ئەحمەد رەمزى گوتى، "پێشنیازەکە بەوشێوەیەیە کە هەر پێکهاتەیەک لە ماوەى 16 مانگدا پۆستى پارێزگارى بەدەستەوە بێت، پێکهاتەى دووەم جێگرى پارێزگار و پێکهاتەکەى سێیەم سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى بەدەستەوە بێت و ئەوەش بە گوێرەى رێککەوتن دەبێت."
بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج کورسی و پارتى دوو کورسی بەدەستهێناوە، لەنێو لایەنە عەرەبیەکانیشدا هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی و عرووبە دوو کورسی و قیادە یەک کورسى بەدەستهێناوە، هەرچى هاوپەیمانیى بەرەى تورکمانى یەکگرتووە دوو کورسی بەدەستهێناوە.
7ـی کانوونى دووەمى 2024 ، ئەرشەد ساڵحى، ئەندامى تورکمانى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بە پێشنیازەکە کردووە و لەبارەى هۆکارى ئەو پێشنیازەوە دەڵێت، "ئەوە بەهۆى ئەوەیە کە ئەستەمە حکومەتى خۆجێیی تەنیا بە سازانى نێوان دوو لایەن پێکبهێندرێت و ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ئاوێنەى رەسەنایەتى مێژوو و جوگرافیاى کەرکووک نییە."
پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی و هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ لە کەرکووک، پێویستى دەنگى نۆ ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگایە، کە هیچ کام لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى شارەکە بەجیا نەیانتوانیوە ببنە زۆرینە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2005 هەڵبژاردن بۆ ئەندامانى نوێى ئەو ئەنجوومەنە لە کەرکووک بکرێت.