دوایین داواکاریی مامۆستاکەی شەقڵاوە: هاوکاریی سێ خێزانی هەژار بکرێت
رووداو دیجتاڵ
ئەو مامۆستایەی شەقڵاوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قوتابخانە لەکاتی گۆڕینی ئاڵای کوردستان کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی [08:20 خولەک] لەگەڵ هاونیشتمانییەک ئەنجامداوە و داوای لێکردووە "هاوکاریی سێ خێزانی هەژار بکات کە پێویستییان بە هاوکارییە." براکەیشی بە رووداوی راگەیاند، کە 40 رۆژ بوو دایکی نەبینیبوو، بەنیازبوو سبەی بچێتە تورکیا و سەردانی بکات، چونکە نەخۆشە و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.
لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە هەولێر لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندندا مامۆستا ئیبراهیم سەباح لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا کارەبا دەیگرێت و دەمرێت. ئەو مامۆستایە مامۆستای وەرزش بوو لە قوتابخانەی بنەڕەتیی سۆرکی شەقڵاوە، تەمەنی 36 ساڵ بوو، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
سەنگەر سەباح، برای مامۆستا ئیبراهیم لە کاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی " ئەم بەیانییە مامۆستا ئیبراهیم خێزانەکە کە مامۆستایە بردوویەتییە قوتابخانە، دواتر کچ و کوڕەکەی بردووەتە قوتابخانەیەکی دیکە، دواتر چووەتە قوتابخانەی خۆی و بینیویەتی منداڵەکان دڵیان خۆشە. پرسیویەتی بۆچی ئاڵای کوردستان هەڵنەکراوە؟ دواتر ویستوویەتی کە ئاڵایەکی نوێ لە سەربانی قوتابخانەکەیان هەڵبکات، بەڵام ئەو شیشەیەی ویستوویەتی ئاڵاکەی پێ رابگرێت زۆر درێژبووە و دواتر بەر تەلی کارەبا کەوتووە و ئەویش کارەبا گرتوویەتی و دواتر گیانی لەدەستداوە."
"مامۆستا ئیبراهیم لەسەر ئەرکی خۆی ئاڵاکەی کڕیوە"
برای مامۆستا ئیبراهیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە براکەی لەسەر حسابی خۆی ئاڵاکەی کڕیوە و دەشڵێت "تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کە لە قوتابخانە کارەبا لێیداوە، بەڵام لە رێگە گیانی لەدەستدابوو." دەشڵێت "مامۆستا ئیبراهیم مامۆستایەکی سیاسیی نەبووە و پیرۆزییەک بوو بۆ هەموو خەڵک و کەس دڵی لێنەڕەنجاوە، چەندجارێک تەختەی قوتابخانەی کڕیوە، ئاڵاکەش لەخۆشی منداڵەکان کڕیوە و ویستوویەکی ئاڵایەکی نوێ هەڵبکات."
"قوتابخانەکە دەکرێت بەناوی مامۆستا ئیبراهیم"
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-02-2021، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەردانی کەسوکاری مامۆستاکەی کردووە و براکەی دەڵێت: وەزیری پەروەردە هاتووەتە لامان و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئێمە کردووە و گوتویەتی کە 'خەمبارین بەوەی روویداوە، لەبەرئەوەی مامۆستا لە کاتی دەوام بووە و لەسەر ئاڵای کوردستان گیانی لەدەستداوە، ناوی قوتابخانەکەش بەناوی مامۆستا ئیبراهیم ناسر دەکەین." براکەی سوپاسی ئەوان و هەموو لایەک دەکات.
"قوتابییەکان ئێمەیان لە رووداوەکە ئاگادارکردەوە"