پەیامنێرانی بێسنوور سەرکۆنەی داخستنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لەبارەی داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا وێڕای سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە، داوا لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر دەکات رێز لە فرەیی میدیا بگرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 07-02-2022 رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە رایگەیاند، کەناڵی رووداو بەپاساوی پێشێلکردنی رێنوێنییەکان بە زەبری هێز داخراوە، "پێویستە بەرپرسانی ئیدارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رێز لە فرەیی میدیا بگرن".
 
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی شەممە 05-02-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ماوەیەکی زۆرە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات، لەگەڵ شێواندنی دیمەنی دەزگاکان کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کار دەکەن، ئەوەش زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت".
 
لە بەرامبەردا تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیارەکە تەواو سیاسییە. "تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەكی زۆر پرۆفیشناڵانە و بەپێی یاساكان لە هەموو شوێنەكان كار دەكات، ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی پشت بەهیچ بنەمایەكی یاسایی نابەستێت و، لە بیركردنەوەی تەسكی سیاسی و حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە".
 
پەیامنێرانی بێسنوور رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1985 لە فەرەنسا دامەزراوە کە ئامانجی پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانییە، لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەن کە پێویستە هەواڵ و زانیارییەکان بە هەموو کەسێک بگەن.
 
داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا رایگەیاند، "داخستنی تۆڕی میدیایی رووداو ناتەبایە لەگەڵ پرەنیسپی  ئازادیی رۆژنامەگەری لەو پارچەیەی كوردستان، كە خەڵكەكەی زیاترە لە سەدەیەك قوربانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسییە؛ لە كاتێكدا بوونی فرەیی میدیایی لەهەر وڵاتێكدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی هەر سیستمێكی دیموكراسییە".
 
لەلایەکی دیکەوە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاری داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، بەو بڕیارە دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "تەحەموولی هیچ کارێکی رۆژنامەگەری ناکات بە دڵی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نەبێت و نایەوێت زانیارییەکانی ئەو ناوچەیە بگاتە جیهان."
 
لەبارەی ئەو بڕیارەوە تۆڕی میدیایی رووداو داوای لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان و هەموو پارچەكانی كوردستان و دەرەوە، نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، هەموو رێكخراوە بەرگریكارەكان لە ئازادی و كاری رۆژنامەڤانی کرد هەڵوێست وەربگرن و گوشار بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە. 
 
تاوەکو ئێستا شەش جار بە بۆمبی مۆلۆتۆف و بەرد و دار هێرشكراوەتە سەر نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان، كە رێكخراوی جوانێن شۆڕشگێڕ لە رۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2022 لە تەلەڤزیۆنی رووداو دانیان بە بەرپرسیارێتیی خۆیان دانا لەسەر ئەو هێرشانە. 
 
دوای ئەو رووداوانە، لە کاتی ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ناوچەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ئاگادارکردنەوەکە "هیچ سوودی نەبووە و هەندێكیشیان گوتوویانە 'ئەوە بەدەرە لە دەسەڵاتی ئێمە' ". 
 
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دراوە، "تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات".
 
تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە كێشە خزمەتگوزارییەكانی خەڵكمان گواستووەتەوە و خستوومانەتە بەردەمی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و بۆچوونی ئەوانیش وەرگیراوە، هەروەها كێشە سیاسییەكانمان لە روانگەی هەموو لایەنە سیاسییەكان گواستووەتەوە و دیبەیتمان لەنێواندا سازكردوون، بەرفراوانترین و سەركەوتووترین رووماڵی هێرشەكانمان كردووە بۆ سەر كۆبانێ، عەفرین و سەرێكانی. هەروەها داواكاری كەسوكاری ئەو منداڵە رفێندراوانەمان گواستووەتەوە كە جوانێن شۆڕشگێڕ دەیانڕفاندن، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان. وادیارە ئەمانە پێشێلكارین لە روانگەی بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD".