جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو: هەفتەی داهاتوو خوێندن ئاسایی دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "زۆرینەی هەرە زۆری قوتابخانەکان لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکان کراونەتەوە" و ئەگەر چەند قوتابخانەیەکیش مابن، هەفتەی داهاتوو دەکرێنەوە و ئیدی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-04-2024، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان پشتیوانیی هەموو داواکانی مامۆستایان دەکەن و دەیانگەیێننە ئەنجوومەنی وەزیران. گوتیشی، "ئەگەر چەند قوتابخانەیەکیش نەکرابنەوە، ئەوە بە هاوکاری و دڵسۆزیی مامۆستایان هەفتەی داهاتوو دەکرێنەوە و خوێندن ئاسایی دەبێتەوە".
 
داواکاریی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان، دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان، دابەشکردنی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دامەزراندن یان بەگرێبەستکردنی وانەبێژانە. 
 
جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی داواکانیانەوە دەڵێت، "هەموومان قەرزداری مامۆستایانین؛ سوپاسی پشوودرێژییان دەکەین و وەکو حکومەت داوای لێبووردن لە قوتابیانیش دەکەین کە ئەمساڵ خوێندنیان وەکو پێویست نەبووە".
 
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ دەخایێنێت؛ هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم بەڕێوەدەچێت. 
 
شاهۆ عوسمان لەبارەی دیاریکردنی ساڵنامەی نوێی خوێندن گوتی، بە دانانی ساڵنامەیەکی نوێی خوێندن، خوێندنی ئەمساڵیان لە فەوتان رزگارکردووە و داوای لە مامۆستایان کرد، لەو ماوەیەی کە ماوە بۆ خوێندن هاوکاریی زیاتری قوتابیان بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەیەی لەدەستچووە.
 
لەبارەی سزادانی ئەو مامۆستایانەی تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن لە بایکۆت، جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، بابەتی سزادان لە دەسەڵاتی پەروەردەکاندایە و ئەوان دڵنیان هیچ مامۆستایەک بە دڵ نەیویستووە بایکۆت بکات.
 
تەنیا 5 رۆژی ماوە ببێتە پێنج مانگ کە بایکۆتی بەشێکی قوتابخانەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە بەردەوامە.  
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.