لە ئیدارەی راپەڕین خوشک و برایەکی دووانە بەهۆی گازی سۆپاوە خنکان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین رایگەیاند، دووانەیەک، کە خوشک و برایەکن، "بەهۆی گازی سۆپاوە' خنکاون.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 07-02-2026 کاژێر 06:00 دوو منداڵی تەمەن 6 ساڵان، کە کوڕ و کچێکی دووانە بوون و دانیشتووی گەڕەکی تیتۆکە بوون لە قەزای رانیە، گەیێندراونەتە فریاکەوتنی رانیە، کە بەهۆی "گازی سۆپاوە" گیانیان لەدەستداوە.
هەژار عومەر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خێزانە چوار منداڵیان هەیە، بچووکەکەیان لە ژووری دایک و باوکی بووە و سێ منداڵەکەی دیکە بەیەکەوە لە ژووری خۆیان خەوتوون. شەو سۆپایان نەکوژاندووەتەوە و لەلای سۆپاکە کورسیی لێبووە، کورسییەکە گڕی گرتووە و قاڵاوەتەوە، دوو منداڵیان کە کوڕ و کچێکی دووانە بوون بەیەکەوە خنکاون، بەڵام منداڵەکەی دیکە کە کوڕێکی 7 ساڵانە سەلامەتە."