بەفربارینی ئەم ساڵی باڵەکایەتی 10 هێندەی ساڵی رابردووە

رووداو دیجیتاڵ

رەشەهەوری مانگی رەشەمێ، هێشتا بەفری پێماوە و بەسەر بەرزاییەکانی باڵەکایەتیدا دایدەبارێنێ. وادیارە ئەم ساڵ سپیایی بڕیاریداوە هیچ خاڵێکی رەش بە حەساری سەکرانەوە نەهێڵێت.
 
گوندی وێزێ، بەفر تێیدا میوانێکی چوار وەرزییە، قەت وەک ئەم ساڵ سپیپۆش نەبووە. لێرە بەفر وەک چیا کۆبووەتەوە و هەموو شوێنێکی داپۆشیوە.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد، موختاری گوندەکە دەڵێت: "پار و پێرار لە دۆڵی پڕژێ، کە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە، بەفری لێ نەمابوو و تەنیا بەقەد رووبەری خانوویەک بەفری لێ مابوو، بەڵام ئەم ساڵ سوپاس بۆ خوا بەفرێکی بێحساب باریوە؛ لە دوای ساڵی 1992ـەوە هیچ ساڵێک هێندەی ئەم ساڵ بەفر نەباریوە."
 
نەک هەر بەرزاییەکان، تەنانەت تەختایی، سەربانی ماڵان و هەموو شوێنێک پڕ بوون لە بەفر. بارستایی بەفری تەنیشت رێگاکان وەک گرد بەرز بوونەتەوە و دیمەنێکی بێوێنەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
 
سەرما و سەختیی رێگەکان، نەیانتوانیوە رێگری لە گەشتیاران بکەن؛ تامەزرۆیی بۆ بینینی ئەم دیمەنە ناوازانە، هەموو ماندووبوونێکی لەبیر بردوونەتەوە.
 
فەوزی ئەحمەد، گەشتیارێکی خەڵکی کەرکووکە و دەڵێت: "لە کەرکووکەوە هاتووم، بە دڵنیاییەوە بەهۆی بەفرەوە لێرەم، چونکە لای ئێمە بەفر نییە و چیای بەرزیشمان لێ نزیک نییە کە بەفری لێ بێت، بۆیە هۆکاری هاتنمان بۆ ئێرە بینینی ئەم بەفر و جوانییەی ناوچەکەیە، هێنانی ئەوە دەکات کە 5 کاژێر رێگەی بۆ ببڕین."
 
ئامارە کەشناسییەکان راستییەکی سەرنجڕاکێش دەردەخەن؛ بڕی بەفری ئەم ساڵ لەم سنوورە 10 هێندەی ساڵی رابردووە. پار تاوەکو ئەم کاتە تەنیا 10 سانتیمەتر بەفر باریبوو، بەڵام ئەم ساڵ 120 سانتیمەتری تێپەڕاندووە.
 
بارانیش بە هەمان شێوە سێ بەرامبەر زیادی کردووە و لە 179 ملیمەترەوە بۆ 480 ملیمەتر هەڵکشاوە. ئەم رەحمەتی باران و بەفرە، کانیاو، کارێز و تاڤگەکانی ناوچەکەی دوای چەندین ساڵ لە وشکەساڵی دووبارە زیندوو کردووەتەوە و ژیانی بە سروشت بەخشیوەتەوە.