ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار: گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ پارتی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوویی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کردووە و دەشڵێت: "ئامانجمان پێکهێنانی حکومەتی هاووڵاتییە و پۆستی سەرۆککۆماریش بەرکەوتەی یەکێتییە."
 
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی 3ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە.
 
"رێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێک نییە"
 
سەبارەت بە نزیکبوونەوە و رێککەوتنیان لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رێباز بێرکۆتی گوتی، سیاسەت "هونەری مومکینە" و هەر لایەنێک بۆ بەرژەوەندیی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە چەقبەستووە لەگەڵیان هاوپەیمانی ببەستێ، ئەوان پێشوازی لێدەکەن.
 
بەرپرسەکەی یەکێتی گوتی: "ئێمە بۆ بەرژەوەندیی کوردستان و بۆ ئەوەی لەم دۆخە رزگارمان بێت، هاوپەیمانێتی دەبەستین، ئەمەش بە قەناعەتێکی تەواوەوەیە و زۆر بە راشکاوانە دەیکەین؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوەیان بۆ دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە و دەرگای گفتوگۆ بەڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە.
 
پەیوەندی لەگەڵ پارتی 
 
لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، رێباز بێرکۆتی ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن و "عاملی خێر" هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
 
بێرکۆتی گوتی: "ئێمە و پارتی دوو هێزی سەرەکین و کەسمان نادۆڕێین. ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە حکومەتێک پێکبهێنین کە حکومەتی هاووڵاتی بێت، واتە حکومەتێک بێت جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییانی زاخۆ، هەولێر، سلێمانی و راپەڕین نەکات لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی."
 
پۆستی سەرۆککۆمار و "پاکێجی یەکپارچە"
 
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان ئەو پۆستە بە بەرکەوتەی کورد و بەدیاریکراوی پشکی یەکێتی دەزانن.
 
رێباز بێرکۆتی گوتیشی: "داوامان کردووە کێشەکان بە یەک پاکێج چارەسەر بکرێن؛ ناکرێ لە بەغدا داوای یەکڕیزی و تەبایی بکەین، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دابەشبوونمان هەبێ. پارتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی لایە، سەرۆککۆماریش پشکی یەکێتییە و دەبێت هاوسەنگی بپارێزرێ."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی هۆشداریدا لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکە دەبینرێ، و داوای کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبییەکان بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.