رێبوار تەها بۆ رووداو: هەموو توولەڕێ و رێڕۆ نایاساییەکانی قاچاخچێتی دادەخرێن

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک دەڵێ، بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگری لە هاتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو، بڕیاری داخستنی سەرجەم رێڕۆ نایاساییەکان و توولەڕێیەکانی قاچاخچێتی لە سنووری پارێزگاکە دراوە و دەشڵێت: "رێگە نادەین بەرژەوەندیی هاووڵاتیان ببێتە قوربانیی چاوچنۆکیی قاچاخچییەکان." 
 
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، رێبوار تەها بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی مەوادی ماوەبەسەرچوو و کاڵای بێ کوالێتی، ئیدارەی کەرکووک هەموو توولەڕێ و رێڕۆ نایاساییەکان کە بۆ کاری قاچاخچێتی بەکاردەهێنرێن، دادەخات."
 
رێبوار تەها گوتی: "راپۆرتی زۆر مەترسیدارمان بۆ هاتووە لە سەر هێنانی مریشک و کاڵای ماوە بەسەرچوو و قاچاخ، بۆیە فەرمانمان کرد سەرجەم رێگە لاوەکییەکان بۆ بارهەڵگرەکان دابخرێن تەنیا دەبێت بە بازگەکاندا تێپەڕن."
 
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی، "رێگەی دارەمان-حەسار کە ئەمڕۆ داخرا بوو، کرایەوە؛ بەڵام تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان."
 
پارێزگاری کەرکووک هۆشداریی تووند دەداتە بازرگانان و قاچاخچییەکان لە گرتنەبەری ئەو رێگایانە یان بازرگانیکردن بەو مادانەی کە زیان بە ئاسایشی خۆراک و دەرمان دەگەیێنن و جەخت دەکاتەوە کە "تووندترین سزای یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و بێ هیچ چاوپۆشییەک رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
 
رێبوار تەها گوتیشی: "پاراستنی سەلامەتیی کۆمەڵگە و دابینکردنی خۆراک و دەرمانی تەندروست لە پێشینەی کارەکانمانە؛ بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین تەندروستیی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتی ببێتە قوربانیی چاوچنۆکیی قاچاخچییەکان."
 
ئەم بڕیارەی پارێزگاری کەرکووک لەکاتێکدایە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام هۆشداری لە مەترسیی ئەو کاڵا و دەرمانانە دەدەن کە بە رێگەی نایاسایی و دوور لە پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن.