رێگەی هەولێر - گوێڕ نۆژەن دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، قیرکردنی هەردوو سایدی رێگەی هەولێر – گوێڕ دەستیپێکردووە. سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، هەموو ئەو شوێنانە چاک دەکەن کە پێویستیان بە قیرتاوکردنەوەیە.
ئەندازیار کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی خەرجیی دارایی ساڵانەوە هەموو بودجەیەک راگیراوە، بەڵام بەهۆی گرنگیی پڕۆژەکەوە، بە توانا مرۆییەکانی خۆمان دەستمان کردووە بە قیرکردنەوەی ئەو شوێنانەی شەقامەکە کە پێویستن."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، رێگەکە قەرەباڵخە و رێگەیەکی بازرگانیشە، پێدەچێت سبەی باران بێت، بەڵام بەگوێرەی توانا بەردەوام دەبن لە کارکردن لە رێگەکە لەو رۆژانەی هاتووچۆ کەمترە، بەتایبەت پێنجشەممە و هەینی.
پڕۆژەکە لەلایەن تیمەکانی چاککردنەوەی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بە قیری کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.