چیرۆکی ناخهەژێنی خنکانی دوو منداڵ لە رانیە لە شیرینیی خەودا بە دووکەڵ


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی تیتۆکەی شاری رانیە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هیتەرێکی کارەبایی، دوو منداڵی دووانە بە ناوەکانی میر و مەیلی، کە تەمەنیان شەش ساڵان بوو، لە کاتی خەودا بە دووکەڵ خنکان و گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە روویداوە. مەریوان محەممەد، باوکی منداڵەکان هێشتا لە شۆکی رووداوەکەدایە، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە چیرۆکی گیانلەدەستدانی منداڵەکانی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
 
مەریوان محەممەد گوتی: "شەوانە بۆ کاژێر 05:00ـی بەیانی مۆبایل دادەنێمەوە بۆ ئەوەی زوو خەبەرم ببێتەوە بۆ سەرکار؛ کە هەستام و دەرگام کردەوە، ماڵەکەم سوور ببوو لە ئاگر. منداڵەکانم نەسووتاون، بەڵکو بە دووکەڵ خنکاون، هۆکاری ئاگرەکەش هیتەر بوو."
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد. دەرکەوتووە کە دووکەڵێکی خنکێنەر لەو ژوورەدا دروستبووە کە منداڵەکانی تێدا خەوتوون، هۆکارەکەشی سووتانی فەرش و "فوومی" ژێر راخەرەکان بووە بەهۆی گەرمای هیتەرەکەوە.
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و راپۆرتی پزیشکیی دادوەری، شینبوونەوە بەسەر دەموچاویانەوە دیارە، ئەو نیشانانەش دەریدەخەن حاڵەتەکە خنکان بووە بەهۆی دووکەڵەوە."
 
ئەم خێزانە چوار منداڵیان هەبوو؛ لەو ژوورەی کارەساتەکە لێی روویدا، خوشکێکی دیکەی تەمەن نۆ ساڵانیشیان لەگەڵ میر و مەیلی خەوتبوو، بەڵام ئەو بە سەلامەتی رزگاری بوو. منداڵە بچووکەکەی تریشیان کە تەمەنی تەنیا دوو ساڵە، لەلای دایک و باوکی خەوتبوو.