ژنە کۆڵبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان: برنج بە 2.5 ملیۆن تمەنە، ئەی هاوار پێم ناکڕێت

رووداو دیجیتاڵ

بە کۆڵێکی گران و بەدەم رێگەی پڕ لە مەینەتییەوە، باسی دەردەدڵی و سەختیی ژیانیان دەکەن؛ هەژاری و قورسیی گوزەران لەم تەمەنەدا، کردوونییە هاوڕێی رێگەیەکی پڕ لە مەترسی. 
 
ئەمانە ژنانی کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ هەموو رۆژێک لەگەڵ گزنگی خۆر، شەختە و سەهۆڵبەندانی سنوورەکان بە کۆڵێکی گرانەوە دەبڕن.
 
ئامینە ریزی، کۆڵبەرە و دەڵێت: "ژیان زۆر سەختە، هەموو شتێک گران بووە. کیلۆیەک شەکر بە 500 بۆ 600 هەزار تمەنە، برنج بە 2 ملیۆن و 500 هەزارە. ئەی هاوار! پێم ناکڕدرێت. قاچ و دەستم دێشێن، حکوومەتیش هیچم پێ نادات، ئەگەرنا منیش پێم خۆش بوو لە ماڵەوە بم و نەیەم بۆ ئەم کارە، بەڵام چی بکەم؟ ناچارم."
 
کرێی باری سەر شانیان تەنیا بەشی خەرجیی رۆژێکیان دەکات. ئەو هاوژینانەی سەختیی ژیان هیلاکی کردوون، لە پشوویەکی چەند خولەکیدا باسی ئەو چەرمەسەرییانە دەکەن کە تەنانەت لەم تەمەنەشدا رێگەی نەداوە بحەسێنەوە.
 
محەمەدئەمین مەحموودپوور، کۆڵبەر: "تەمەنی ئێمە بۆ ئەوە نابێت لێرە کۆڵبەری بکەین؛ دەبوایە لەم تەمەنەدا تا دەچینەوە بۆ ئەو دنیا، لە ماڵەوە دانیشتباین و پشوومان بدایە."
 
ئەسمەر عەبدوڵڵایی، کۆڵبەر: "ژیان لە پیرانشار زۆر سەخت بووە، شتومەک گرانە، لەبەر ئەوە دێین و کۆڵبەری دەکەین."
 
سەرمای بەرەبەیانی سەر سنوور، کۆڵی گران و داهاتی کەم، لەگەڵ گرانی و زەحمەتیی پەیداکردنی نان، چیرۆکی پشت کاری هەریەک لەو کۆڵبەرانەیە. هەرچەندە لەبارەیانەوە بگوترێت، هێشتا تەمی ئەو ماندوێتییە کاڵ نابێتەوە کە لە رووخساریاندا بەدی دەکرێت.
 
زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان، کارتی کۆڵبەرییان لەلایەن ئێرانەوە پێدراوە و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆ دەکەن. ئەوان لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵای خۆراکی، جلوبەرگ و جوانکاری بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە.