وەزارەتی کار: لە رێنمایی نوێی مۆڵەتی دایکایەتیدا نەخۆشیی دیکە زیادکراون
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ مۆڵەتی "خۆتەرخانکار" دەرکردووە. هیوا رەحمان، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، ئەم رێنماییانە گۆڕانکاریی بنچینەییان تێدا کراوە و چەندین نەخۆشیی نوێش بۆ یەکەمجار زیادکراون، بۆ ئەوەی دایک و باوکان سوودمەند بن. ئاماژەی بەوەش کرد، "مۆڵەتی بەخێوکار تەنیا دەدرێتە دایک و باوکی فەرمانبەر."
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2026ی تایبەت بە مۆڵەتی "خۆتەرخانکار" لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی رێنماییەکان، گۆڕانکاری لە مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت و مووچەی خۆتەرخانکار کراوە و هەوڵ دەدرێ مافە داراییەکانی ئەو توێژە لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا جێگیر بکرێت.
رۆژی شەممە 07-02-2026 هیوا رەحمان، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر رێنماییەکان و گوتی، "بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەو دایکەی ژنی ماڵەوەیە و منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مووچەیەکی بۆ ببڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2013وە ئەم بڕگەیە جێبەجێ نەکراوە."
ئەو راوێژکارە یاساییە گوتی، ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەم مووچەیە لە بودجەی 2026ی عێراقدا جێگیر بکرێ و گوتی، "ئێمە ناوی نزیکەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتمان ناردووە بۆ بەغدا کە تەنیا منداڵانی ئۆتیزم و داون و ئیفلیجی مێشک بوون، بەڵام ژمارەی راستەقینە زۆر لەوە زیاترە."
سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە خۆتەرخانکار، هیوا رەحمان گوتی، "مۆڵەتەکە بۆ فەرمانبەرانە. ئەگەر منداڵی یەکەم بێت، دەبێت هەر دایکەکە بێت، چونکە ئەو ژنی ماڵەوەیە، بەڵام ئەگەر خێزانێک دوو منداڵی ئۆتیزم یان ئیفلیجی مێشکیان هەبێت، ئەو کاتە دایک و باوکەکە پێکەوە مۆڵەتیان پێ دەدرێ."
ئەو راوێژکارە یاساییە ئاماژەی بە مادەی چوارەمی رێنماییە نوێیەکە کرد و گوتی، "ئەگەر دایکەکە خۆی نەخۆش بێت، یان بەپێی راپۆرتی پزیشکی رێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکەی لە 60% زیاتر بێت یان نەخۆشی شێرپەنجەی هەبێت، ئەو کاتە مۆڵەتەکە دەدرێتە باوکەکە بۆ ئەوەی چاودێری منداڵەکە بکات."
یەکێکی دیکە لەو زانیارییانەی هیوا رەحمان لە بەرنامەکەدا درکاندی، زیادکردنی چەند نەخۆشییەک بوو کە پێشتر لە رێنماییەکاندا نەبوون و گوتی، "خۆشبەختانە لەم رێنماییە نوێیەدا نەخۆشییەکانی تالاسیمیا، هیمۆفیلیا و شەکرەی جۆری یەک بۆ منداڵان زیادکراون کە پێشتر نەبوون، ئەمەش وادەکات دایک یان باوکەکانیان بتوانن مۆڵەتی خۆتەرخانکار وەربگرن."
هیوا رەحمان رایگەیاند، ئەم رێنماییانە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراونەتەوە و لە 01-01-2026وە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش ئومێدێکی گەورە بۆ خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، ئەو کەسانەی رێژەی پەککەوتەییان 100%ـە وەک (ئۆتیزم، داون، کوێری، شەلەدەماغ و شیزۆفرینیا) دەتوانن سوودمەند بن. هیوا ڕەحمان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ناوی نزیکەی 13 هەزار کەس رەوانەی بەغدا کراوە بۆ وەرگرتنی مووچە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو منداڵانەی پێویستیان بە خۆتەرخانکارە زۆر لەوە زیاترە. جگە لەوە، 19 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پێش 2013ـەوە مووچە وەردەگرن. دوای ئەوە هیچ ناوێکی دیکە بۆ وەرگرتنی مووچە زیادنەکراوە."