لە رێگەی دوو سایدی کەلار و کفری کامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ رێگری لە تیژڕۆیی لەنێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی لە کۆتاییدان. گوتەبێژی هاتووچۆ دەڵێ، هەر پێنج کیلۆمەترێک و کامێرایەک جێگیر دەکرێت.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامە لە کارەکانی بۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و دانانی ستوونەکانی بۆ کامێراکان تەواو کردووە."
درێژی رێگاکە 43 کیلۆمەترە و ساڵی 2024 کرایە دوو ئاراستە. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، "هەر نێوانی پێنج کیلۆمەتر کامێرایەکی خاڵ بۆ خاڵی تێدا جێگیر دەکرێ بۆ رێگری لە خێڕایی و تیژڕۆییکردن."
بە گوتەی سامان عەلی، بەگوێرەی گرێبەستی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە، دەبوو کۆتایی مانگی داهاتوو کامێراکان جێگیر بکرێن، بەڵام بەهۆی بارانبارینەوە کۆمپانیاکە داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کاتی زیاتری پێ بدرێت.
یەکێکی دیکە لەو رێگایانەی سنووری گەرمیان کە کراوەتە دوو ئاراستە، نێوان قەزاکانی کەلار و دەربەندیخانە. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ حکومەت بە فەرمی پڕۆژەی دوو سایدەکەی وەرنەگرتووە، تاوەکو وەری نەگرێ ناتوانرێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵی تێدا دابنرێت."
لە هەرێمی کوردستان لە زۆرینەی رێگاکانی دەرەوەی شارەکان و رێگە خێراکان کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراون، لەوانە رێگەی 150 مەتری و 120 مەتری هەولێر، نێوان دهۆک و هەولێر، نێوان سلێمانی چەمچەماڵ و سلێمانی دووکان.
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایاندەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.