کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: سەردانی پاپا بۆ کوردستان برەودانە بە پێکەوەژیان
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، سریانی و کوردی (سۆرانی و بادینی)، پەیامێکی لەبارەی سەردانی پاپا فراسیس بۆ هەولێر بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان "برەودانە بە پێکەوەژیان".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەگەڵ پەیامەکەدا وێنەیەکی پاپا فرانسیسی داناوە کە لەلایەن هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێدەکرێت و دەڵێت "زۆر خۆشحاڵین بە بینینی گەیشتنی مێژوویی پاپا بە هەرێمی کوردستان. ئەم سەردانە مێژووییەی پاپا هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر باسی لەوەش کردووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لەخۆگرتنی سەرجەم ئایینەکان و قبووڵکردنی هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان".
هەر ئەمڕۆ کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی لە بەرامبەر سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر دەربڕی و رایگەیاند "شەرەفێکی گەورە بوو لەوێ بووم"، کۆنسوڵی فەرەنساش ئاماژەی بەوە کردووە، یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەناوی کەسێکی کریستیانە کە "بووە قوربانیی هێرشێکی تیرۆریستی لە ساڵی 2001".
جەیمس سۆرنتۆن، کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان چەند وێنەیەکی خۆی لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردووەتەوە و لە تویتێکیشدا دەنووسێت، "رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆی پاپا فرانسیس لە هەولێر پڕ لە خۆشی و شادی بوو. شەرەفێکی گەورە بوو لەوێ بووم".
کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەنووسێت، "کۆمەڵگەی کریستیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاشتییانە لەگەڵ موسڵمان، ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە دەژین. ئومێدەوارم ئەم پێکەوەژیانە درێژەی هەبێت".
هاوکات ئۆلیڤیە دیکۆتیگنس، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان چەند وێنەیەکی ئەمڕۆی یاریگەی فەرەنسۆ هەریریی داناوە. یەکێک لە وێنەکان لەکاتی ئامادەکارییەکاندایە بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس و لە تویتێکیشدا لەبارەی ئەو وێنە نووسیویەتی، "ئێرە یاریگەی فرەنسۆ هەریرییە، تێیدا پاپا فرانسیس دوایین رێوڕەسمی خۆی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق ئەنجام دەدات. ئەم یاریگەیە بەناوی کەسایەتییەکی گەورەی کوردستانەوەیە کە کریستیانێکی ئاشووریی خەڵکی هەریر بوو. ئەو کەسایەتییە لە خەباتی کورددا بەشداربوو، پارێزگاری هەولێر بوو و دواتریش بووە قوربانیی هێرشێکی تیرۆریستی لە ساڵی 2001".
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای مانەوەی بۆ دوو رۆژ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەش یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەکو سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین".
دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ماڵئاوایی لێ کرا.