رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بڕینەوەی نایاسایی داری دارستانەکانی زاگرۆس زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ رۆژی دار چاندن لە ئێران، دیمەنی بڕینەوەی داری دارستانەکانی زاگرۆس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ژینگەپارێزانی شاری بانەوە بڵاوبووکراونەتەوە و سەرەڕای گرینگینەدانی کەسانێک بە سرووشت، باس لە نەبوونی یاسایەکی تووندیش دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە.
 
دارستانەکانی زاگرۆس دەکەونە 11 پارێزگای ئێران و بەشی هەرەزۆری لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. رووبەرەکەی شەش ملیۆن هێکتارە و 40% رووبەری دارستانەکانی ئێران پێکدێنێت. 70% ئەو دارستانانە، دار بەڕوون. بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆنترۆڵی قەیرانی ئێران، 11 ملیۆن داری ئەو دارستانانە وشک بوون کە تەمەنیان 400 بۆ 500 ساڵ بووە.
 
ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، تەنیا لە چەند دیمەنێکدا نزیکەی چوار هەزار دار لە گوندی زەردە لە ناوچەی داڵاهوو و دارستانێکی نێوان حەسەن نووران و دێشەمسە لە ناوچەی شنۆ بڕدراونەتەوە، کە بوونەتە برینێک بەسەر دڵی هاونیشتمانییانەوە لەو ناوچانە.
 
هەروەها ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان باس لە بوونی مافیایەکی بەهێز لەپشت پیلانی بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس دەکەن، کە پشتیان بە هەندێک لە دامودەزگا حکومییەکان قورسە و ئەم زەوییانە کە زۆربەیان سەرمایەی گشتین، دەڕووتێننەوە بە مەبەستی فرۆشتنیان وەکو ڤێلا، یان فرۆشتنی دارەکانی بۆ دروستکردنی خەڵووز و کاخەز.
 
محەممەد دەروێش، سەرۆکی گرووپی ژینگەی رێکخراوی یونسکۆ دەڵێت، "بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەگاتە رێکخراوی یونسکۆ، زۆرترین زێدەڕۆییەکان، لە دارستانەکانی زاگرۆس دەکرێت. زۆرترین رێژەی لەنێوچوونی دارستانیش لە پارێزگاکانی لۆڕستان، ئیلام و سنە بووە".
 
بەپێی ئاماری فەرمی، 176 هەزار خێزان لە دەوروبەر و نێو دارستانەکانی زاگرۆس دەژین و لەنێوچوونی ئەو دراستانانە، سەرەڕای زیان بە ژمارەیەک ئاژەڵی ناوچەکە، مەترسییەکیشە لەسەر ئەو ژمارە لە دانیشتووانی زاگرۆس، هەم لە بواری پیسبوونی کەشوهەوا و هەمیش لە بوارەکانی دیکەی وەکو بەبیابانبوون و هەستانی لافاوی بەردەوام لە ناوچەکە.