پەرلەمانتارێک: دووکانێکی عەلوەی سلێمانی بە 300 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند، تێچووی یەک دووکانی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی 50 هەزار دۆلارە، بەڵام بە 300 هەزار دۆلار دەفرۆشرێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوەکو 90٪ی پرۆژەی عەلوەکە تەواوبووە، هیچ مۆڵەتێکی نەبووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئاداری 2022، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزیری پلاندانان، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان و پارێزگاری سلێمانی، پڕۆژەى عەلوەی رۆژئاواى سلێمانی کرایەوە.
 
قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگە، دەستخۆشی لە دەستەی وەبەرهێنان دەکەم کە هاوکار بووە لە لابردنی هەندێ بەربەستی بەردەم ئەم پڕۆژەیە، ئەمە کارێکی دەستەجەمعییە لەنێوان کەرتی تایبەت و حکومەت".
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە پڕۆژانە، "ئابووریمان هەمەجۆر دەکات و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت و ئاسایشی خۆراکمان دەپارێزێت".
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "هیچ لایەنێکی حکومی چاودێریی دروستکردنی عەلوەکەی نەکردووە، بۆیە دیار نییە کوالێتییەکەی چۆنە و بە چی دروستکراوە".
 
رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلوەکە بە زیادکردنی ئاشکرا نەدراوە بە بەڵێندەر، بەڵکو دراوە بە کەسێک کە خۆیان ویستوویانە، ئەمەش نایاساییە و گوتیشی، "پڕۆژەکە پێش ئەوەی مۆڵەت وەربگرێ، دەستیپێکردووە و تا 90٪ بێ مۆڵەت بووە، چەندیجار داوای راگرتنمان کردووە، بەڵام بێسوود بووە".
 
رەمەزان نامیق، لەبارەی تێچووی عەلوەکەوە ئاماژە بەوە دەکات، نازانین تێچووەکەی چەندە، پێشتر داوامان کردووە پێیان نەداوین. بەڵام عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: یەک دووکانی عەلوەکە 50 هەزار دۆلاری تێچووە، بەڵام بە 300 هەزار دۆلار دەفرۆشرێتەوە بە کاسبکاران، واتە لە 200 دووکان، 50 ملیۆن دۆلار قازانج دەکەن.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت، "پێش تەواوبوونی پڕۆژەکە، بە نایاسایی بە رێکلامی سۆشیالمیدیا بە نرخێکی خەیاڵی فرۆشراوە".
 
ئێستا سلێمانی دوو عەلوەی سەوزە و میوەی هەیە، یەکێکیان عەلوەی هوانەیە کە زیاتر بەروبوومی گەرمیان، شارەزوور و هەڵەبجە و ئێرانی بۆ دێت، ئەم عەلوە نوێیەش ناوی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانییە، کە زیاتر بەروبوومی دەوروبەری سلێمانی، راپەڕین و سنووری هەولێری بۆ دێت.
 
عەلوەکە لە نزیکی کارگەیەکی چیمەنتۆ دروستکراوە و، باس لەوە دەکرێت دووکەڵ و تۆزی ئەو کارگەیە مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروستدەکات. رەمەزان نامیق دەڵێ، "لەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە، مۆڵەتی ژینگە، تەندروستی و وەبەرهێنانیشیان نەبووە".
 
عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی زیاتر لە 250 دووکان لە خۆدەگرێت. لەسەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دروست دەکرێت و، رووبەری زەوییەکەی 100 دۆنمە.
 
عەلوەکە لە 200 دووکانی 250 مەتری و 72 دووکانی 72 مەتری پێکهاتووە، لەگەڵ 14 ساردکەرەوە بۆ ھەڵگرتنی سەوزە و میوە.
 
دروستکردنی عەلوەی رۆژئاوا زیاتر کاری ئەو جووتیار و فرۆشیارانە ئاسان دەکات، کە لە دەرەوەی شاری سلێمانین، چونکە بەو هۆیەوە بەبێ ئەوەی بگەنە ناوشار، بەرھەمەکانیان ساخ دەکەنەوە و بەرهەمیش دەکڕن.