قایمقامییەتی دهۆک: مارکێتێک بەهۆی گرانکردنی نرخی رۆنی شل دادەخرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی دهۆک سەردانی دووکان و مارکێتەکانی ناو گەڕەکەکانی دهۆکی کرد، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە نرخی رۆن و کاڵا و خۆراک مارکێتێکیان داخست.
 
رۆژی دووشەممە 07-03-2022 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی نرخی پێداویستییەکان و رۆن و خۆراک سەردانی بازاڕی دهۆکی کرد و رایگەیاند، هەر کەسێک لە بازاڕ و مارکێتەکان نرخی کاڵا و کەلوپەل و خۆراک زیادبکات بە تووندی سزای دەدەن و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.
 
سەردانی پارێزگاری دھۆک بۆ بازاڕ لە کاتێکدایە کە نرخی ھەندێک پێداویستی خۆراک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەھۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا گرانبوو.
 
لیژنەی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی دهۆکیش سەردانی دووکان و مارکێتەکانی ناو گەڕەکەکانی دهۆکیان کرد و مارکێتێکیان لە گەڕەکی زرکا داخست ئەمەش بەهۆی ئەوەی "نرخی رۆنی شل (زەیت)ی گرانکردووە. 
 
ئارزا مستەفا، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامییەتی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لە سەردانی ئەمڕۆماندا مارکێتێک کە نرخی رۆنی شلی گرانکردبوو دامانخست و بە بڕێک پارە سزادرا."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامییەتی دهۆک، خاوەنەکەی 30 کارتۆن رۆنی شلی لە کۆگەدا شاردبوویەوە و نرخی هەر کارتۆنێکی لە 60 هەزار دینارەوە کردبووە 80 هەزار دینار، هەروەها هەر بووتڵێکی یەک لیتری بە چوار هەزار و 250 دینار فرۆشتبوو.
 
رۆژانە سێ لیژنەی سەر بە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی دھۆک بەدواداچوون بۆ بازاڕ دەکەن بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پێداویستییەکانی خواردن.