مستەفا هیجری: هەوڵی تێکدانی یەکگرتوویی کورد دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا لەبارەی هەوڵدانی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بۆ ناکۆکیی خستنە نێو کورد، هۆشداری دەدات و دەڵێت، "کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیمان دەدەن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-03-2023، مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "کۆماری ئیسلامی لە لایەک و لایەنگرانی پاوانخوازی لە دەرەوە لە هەوڵدان یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێک بدەن و لەو رێگەیەوە پێگەی کوردستان لاواز بکەن". 
 
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حدکا داوا دەکات، هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پابەندی بنەما سەرەکییەکانی هێڵە نیشتمانییەکان بن و دەڵێت، ئامادەیی ئەوەیان هەیە بەرەو قۆناخی یەکێتیی ئارەزوومەندانە هەنگاو بنێن بۆ دواڕۆژی ئێران کە تێیدا کوردستان خاوەن مافەکانی خۆی بێت.
 
هیجری لەبارەی پەرتەوازەیی هۆشداریدەدات و دەڵێت، "ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتوو بن، پێگەی کوردستان بەهێز دەبێت و دەبێتە خاوەن سەروەری، بەڵام پارچە پارچە بن، دەبێ چاوەڕوانی بەردەوامی داگیرکاری و لەدەستدانی نیشتمان بن".
 
پەیامەکەی مستەفا هیجری لە کاتێکدایە هەشت چالاکڤانی کورد و ئێرانی کە عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیشیان لەگەڵدایە، سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەکن بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی.
 
عەبدوڵڵا موهتەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە لە تویتەر بڵاوبووەتەوە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی رەزا پەهلەوی لە نێو هاوپەیمانییەکە دایە، نابێ دادوەری نەرێنی لەسەر بکرێت. دەشڵێت، هیوادارە ئەو هاوپەیمانییە ببێتە هاوپەیمانییەکی بەربڵاو کە فرەیی و جیاوازیی شوناسە جیاوازەکانی نێو ئێران بە فەرمی بناسێت.
 
پێشتر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رەتیکردووەتەوە بچێتە نێو هاوپەیمانێتییەک کە رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێرانی تێدا بێت. مستەفا هیجری دەڵێت، هاوپەیمانی لەگەڵ کەسانێک ناکەن، کە دان بە مافەکانی کورددا نەنێت.