مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەدرێتە ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی دەگەڕێنەوە شنگال

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی لە کەمپى ئاوارەکانەوە دەگەڕێنەوە شنگال، مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتییان بۆ دەبڕدرێتەوە
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق وردبینى لە دۆسیەکان دەکات.
 
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رۆژی پێنجشەممە، 7-3-2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو ژنە ئێزدییانەى لە کەمپى ئاوارەکانەوە دەگەڕێنەوە شنگال، ناویان دەدەینە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بۆ ئەوەى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى بیانگرێتەوە."
 
لیژنەیەکى ئەو وەزارەتەش "وردبینى لە زانیارییەکانیاندا دەکات بۆ ئەوەى هاوکارییەکە ئەو ژنانە بگرێتەوە".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، رەزامەندى وەرگیراوە بۆ ئەوەى 848 ژنى کوردى ئێزدى کە گەڕاونەتەوە شنگال، ئەو هاوکارییە بیانگرێتەوە.
 
عەلى جیهانگیر رایگەیاند، هاوکارییەکە ئێستا تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە دەگەڕێنەوە شنگال و مانگانە لە رێگەى کى کاردەوە ئەو هاوکارییە وەردەگرن.
 
ئەو پارەیەى دەدرێتە ئەو کەسانەى یاساى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە لە 105 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 420 هەزار دینار.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق، زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار خێزان لە عێراق هاوکاریی تۆڕی کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە و ئەندامانى ئەو خێزانەى سوودمەندن، دەگاتە حەوت ملیۆن کەس.