رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان: پێویستە ستراتیژی کوردستانیی بێلایەن پەیڕەو بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان یەکەمین کۆبوونەوەی ''نائاسایی'' جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی دوای کۆنفرانسی دامەزراندن کرد. رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە رایگەیاند، شەش مانگی داهاتوو دەبێتە قۆناخی ئاشتەوایی و ''گەڕانەوەی گۆڕانخوازە دابڕاوەکان.''
 
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، لە شاری سلێمانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کۆبووەوە.
 
دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە شەڕ و کێشەکان، پێویستە ستراتیژی کوردستانیی بێلایەن پەیڕەو بکرێت کە تەنیا بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەکی بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە بوارەکانی سیاسی و میدیاییدا راسپارد، بە ئامانجی یەکخستنی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە بەغدا و دەرەوە."
 
هەوڵ بۆ ئاشتەوایی نێوخۆیی
 
لەبارەی دۆخی نێوخۆیی بزووتنەوەکە، رێکخەری گشتی سوپاسی گۆڕانخوازانی کردووە کە ''لە ساڵێکی پڕ لە قەیراندا'' توانیویانە کۆنفرانسی دامەزراندن ئەنجام بدەن. ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەرکی سەرەکیمان لە شەش مانگی داهاتوودا برەودانە بە ئاشتەوایی و سەردانیکردنی هەموو ئەو گۆڕانخوازانەی بە هەر هۆکارێک بێت لە بزووتنەوەکە دابڕاون."
 
گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە قۆناخی داهاتوودا گرنگیی تەواو بە رۆڵی ژنان و گەنجان دەدەن بۆ فراوانکردنی بنکەی جەماوەری و ''بەشداریکردنی راستەقینەیان لە بڕیاری سیاسیدا''.
 
دانا ئەحمەد مەجید رایگەیاندووە، "گۆڕان موڵکی هەمووانە" و بەرپرسیارێتی هەستانەوەی بزووتنەوەکە ''تەنیا لەسەر شانی جڤات نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو گۆڕانخوازانە.'' ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانی ''پارتێکی دامەزراوەیی و رێكخراو'' بەردەوام دەبێت.