سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کوێت دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلسەباح، سەرۆکوەزیرانی کوێت بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتیی ناوچەکە، بەتایبەت دەوڵەتی کوەیت و عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کردووە.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرش و شەڕ و گرژییەکان دەربڕی.
 
هەروەها جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.