بافڵ تاڵەبانی بۆ فۆکس نیوز: کوردستان دەبێت پرد بێت نەک گۆڕەپانی جەنگ

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا دوایین تێڕوانینەکانی خۆی لەبارەی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران خستەڕوو. بافڵ تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی کرد.
 
بافڵ تاڵەبانی لە هەڤپەیڤینەکەدا کە برێت بایەر، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا لەگەڵیدا کردووە، رایگەیاند، دەستپێکردنی هێرشەکان "جێگەی سەرسوڕمان" بووە و ناوچەکە رووبەڕووی هەڵکشانێکی زۆر مەزنی سەربازی بووەتەوە. سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، کوردستان لە چەندین لایەنی جیاوازەوە کەوتووەتە بەر هێرش و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە نابینرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، گرژییەکان لە زیادبووندان.
 
لەبارەی گفتوگۆکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ترەمپ زۆر سەرنجڕاکێش و میهرەبان بوو. هەستم بە سۆز و کاریگەری لە دەنگیدا دەکرد کاتێک باسی لەوە دەکرد کە کورد جەنگاوەری مەزنن." سەرۆکی یەکێتی گوتیشی، ترەمپ زۆر سوپاسگوزاری ئەو ساڵانەیە کە کورد لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا خزمەتیان کردووە و جەختی لەسەر پاراستنی خەڵکی عێراق کردووەتەوە.
 
بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای کرد، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەبووە و گوتی: "عێراقچی نائومێدییەکی زۆری دەربڕی. ئێرانییەکان وایاندەزانی دانوستاندنەکان بە باشی دەڕۆن و بڕیار بوو لیژنەیەکی تەکنیکی کۆببنەوە." بافڵ تاڵەبانی گوتیشی، "ئێران بۆ ماوەی 45 ساڵە پلانی بۆ ئەم جەنگە داناوە و بەرگرییەکی سەخت دەکەن."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، گۆڕینی رژێم لەم کاتەدا لە ئارادا نییە و تاوەکو ئێستا هیچ راپەڕینێکی جەماوەرییان لە ناو ئێراندا نەبینیوە. بافڵ تاڵەبانی بەراوردی دۆخی ئێستای ئێرانی لەگەڵ جەنگی ساڵی 2003ـی عێراق کرد و گوتی: "لە ساڵی 2003دا ئۆپۆزیسیۆنێکی شەرعی و ناسراو لە ناو کورد و شیعەدا دژی سەدام هەبوو، بەڵام ئێستا لە ئێران سیمبوڵ یان رێبەرێکی دیار نییە کە خەڵک دوای بکەون." هەروەها گومانی خۆی نیشاندا لەوەی ناردنی هێزی وشکانی بۆ وڵاتێک کە هێندەی ئەورووپای رۆژئاوا گەورەیە، کارێکی گونجاو بێت.
 
بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کوردی باشوور نابێت ببنە "سەری رم" لەم جەنگەدا، چونکە ئەمە زیانی زۆریان پێ دەگەیەنێت. 
 
سەرۆکی یەکێتی گوتی، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریی سنووربڕ لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو ئێران رووی نەداوە. تاوەکو ئێستا پێشمەرگە رێگری لە هەر جووڵەیەک کردووە. بافڵ تاڵەبانی پێیوایە: "ئەگەر کوردەکان تێوەبگلێن، تورکیا نیگەرانیی جیدی دەبێت و دەستوەردانی سەربازی دەکات."
 
لە کۆتاییدا، بافڵ تاڵەبانی گوتی: "کوردستان دەبێت پردێک بێت بۆ چارەسەر، نەک گۆڕەپانی جەنگ." سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی جەلال تاڵەبانی، باوکی کۆچکردووی کرد وەک نێوەندگیر و گوتی ئامادەن هەمان رۆڵ بگێڕن.
 
تاڵەبانی جەختی کردەوە: "من بڕوام وایە ترەمپ لە ناخیدا ئاشتی دەوێت. ناوچەکەمان زۆر ئازاری جەنگی بینیوە و پێویستە رێگەیەکی کەمتر خوێناوی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزرێتەوە."