لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ زۆرترین هێرشەکان لە ئیلام بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە 07-03-2026 چەندین بنکەی سەربازیی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە فڕۆکە، درۆن و مووشەک کرانە ئامانج. هەشت رۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیان و تەواوی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بە فەرمی رانەگەیێندراون.
 
بەراورد بە رۆژانی رابردوو، رۆژی شەممە زیاترین هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرانە سەر پارێزگای ئیلام و کەمترین هێرش کرانە سەر پارێزگای لوڕستان.
 
پارێزگای ئیلام
 
بەرەبەیانی شەممە، لە شاری ئیلام دوو بنکەی پۆلیسی ژمارە 13 و 14 لە گۆڕەپانەکانی (سدوقی و ئەبولفەزل) بۆردوومان کران. لە شاری چەواریش، هێرش کرایە سەر فەرماندەیی سوپا و بنکەیەکی پۆلیس.
 
هەروەها بەیانیی شەممە (سەربازگەی فەرەجیان زادە)ـی سوپای پاسداران لە نزیک شاری ئیلام بۆردوومان کرا. ئەو سەربازگەیە بە شوێنێکی فێرکاری ناوی دەهێنرێت کە تێیدا راهێنان بە سەرباز و پلەدارەکانی سوپای پاسداران دەکرێت.
 
کاژێر دووی دوای نیوەڕۆ، هێرشکرایە سەر بنکەی پێشووی پۆلیس لە شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام و زیان بە ژمارەیەک خانوو و باڵەخانەی دەوروبەری بنکەکە گەیشتووە.
 
لە شاری مێران، بنکەی ناوەندیی پۆلیس، باڵەخانەی ناوەندی رێکخستنی ناردنی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق بۆردوومان کران. مزگەوتێکیش کە لە نزیک ئەو ناوەندە بووە، زیانی بەرکەوتووە. بەپێی ئەو راپۆرتانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویدەکەنەوە، بەشێک لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە مزگەوت، قوتابخانە، یاریگەکان و شوێنی دیکەی سیڤیل نیشتەجێکراون.
 
ئەمڕۆ دوو بنکەی سەربازی لە شاری دێلرانیش بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومان کراوە، فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری شاری دێلرانە. هاونیشتمانییەک کە ڤیدیۆی بۆردوومانکردنی پاسەوانیی سنووری دێلرانی تۆمارکردووە دەڵێت، "پێنج جار لەو فەرماندەییە دراوە و بە تەواوی خاپوورکراوە."
 
موراد یەگانە، قایمقامی دێلران رایگەیاند، "هەر دوو شوێنەکە لە دەرەوەی شارن و زیانی گیانی نەبووە."
 
لە شاری ئاودانانیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوە بیستراوە، بەڵام دیار نییە ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج چین. درەنگانی شەوی هەینی لە ئاودانان، فەرماندەیی سوپای پاسداران و دوو بنکەی پۆلیس بۆردوومان کران.
 
پارێزگای ورمێ
 
بەرەبەیانی شەممە ئامانجێک لەنێو شاری ورمێ بۆردوومان کرا. میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک تێرمیناڵی سەرەکیی شارەکە بۆردوومان کراوە.
 
هەروەها نزیکەی کاژێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر سەربازگەی (ئەلمەهدی)ـی سوپای پاسداران لە 20 کیلۆمەتریی شاری ورمێ.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیس لە شاری تیکاب بۆردوومان کرا. رۆژی هەینی، هێرش کرابووە سەر فەرماندەیی سوپای پاسدارانیش لەو شارە.
 
پارێزگای کرماشان
 
نیوەڕۆی شەممە لەنێو شاری کرماشان ئامانجێک بۆردوومان کرا.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاریی کرماشان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو شاری کرماشان و کاژێر 10:30ـی پێش نیوەڕۆ لە قەسری شیرین، دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
 
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش، دوو شوێن لەنێو شاری گێیەڵان لە پارێزگای کرماشان کرانە ئامانج.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەرەکیی سوپای پاسداران و ناوەندی فەرماندەیی پۆلیس لەو شارەدا. بنکەکەی پۆلیس داڕماوە و زیان بە ژمارەیەک خانووی نزیک لەو بنکەیەش گەیشتووە.
 
پارێزگای سنە
 
رۆژی شەممە، چەندین شوێن لە شارەکانی سنە و دیواندەرەی پارێزگای سنە بۆردوومان کران.
 
تاوەکو ئێستا هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی (بروجێردی)ـی سوپای پاسداران، سەربازگەی (ئیمام عەلی)، بنکەکانی پۆلیس و سوپای پاسداران لە گوندەکانی دۆشان، قار و عەباس ئاوا لە قەراخ شاری سنە پشتڕاستکراوەتەوە.
 
 
رۆژی شەممە، بنکەی سوپای پاسداران لەنێو شاری دیواندەرەش کرایە ئامانج.
 
میدیاکانی سوپای پاسداران وێنەی شوێنە بۆردوومانکراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئەو وێنانە بەدیار دەکەوێت، بنکەکە بە تەواوی رووخاوە و زیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و خانوو و باڵەخانەی دەوروبەری گەیشتووە. رێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپا لەو بۆردوومانەدا کوژراون، بەڵام هێشتا زیانە گیانییەکان بە فەرمی رانەگەیێندراون. لانیکەم هاونیشتمانییەکی سیڤیل لەو هێرشەدا گیانی لەدەستداوە.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی شەممە بڵاویکردەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی (بێعسەت و تەوحید) لەنێو شاری سنەیان ناچارکردووە، چەند بەشی نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن و بەشەکان بگوازنەوە نەخۆشخانەکانی دیکە.
 
 
بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە، شوعلە شا‌‌هغەیبی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە رایگەیاند، تەنیا بەشی لەدایکبوونی نەخۆشخانەی (بێعسەت) گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. هەروەها گوتی، "گواستنەوەی بەشەکە لەبەر ئەوەبوو، گوشاری دەروونی لەسەر ئەو ژنانە کەم بکەنەوە کە منداڵیان لەدایک دەبن."
 
 
پارێزگای لوڕستان
 
بەراورد بە رۆژانی رابردوو، رۆژی شەممە ژمارەی هێرشەکان کەمتر بوو لە رۆژانی رابردوو.
 
ئەمڕۆ بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران لە شاری کوویەشت بۆمباباران کرا. بارەگاکە لەنێو شار و لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاساییە و زیان بە دەوروبەری بنکەکەش گەیشتووە.