شەش جار هێرش کرایە سەر سلێمانی؛ ئاگر و دووکەڵ لەنێو شار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێو شاری سلێمانی بەئامانج گیرایەوە و ئاگر و دووکەڵ بەرزبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوو جار فەرماندەیی، جارێک نزیک هۆتێل تایتانیک و جارێکیش فڕۆکەخانەی سلێمانی بەئامانج گیراون.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئەمشەو 6 جار هێرش کراوەتە سەر سلێمانی، دوو جاریان بۆسەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێز بووە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندارە.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەر ئەمشەو درۆنێک فەرماندەیی لە سلێمانی کردووەتە ئامانج، بەڵام خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانیی نەبووە.
وەکو پێشەوا بەختیار دەڵێت، دوای ماوەیەکی کەم لە درۆنی یەکەم، درۆنی دووەم فەرماندەیی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەویش خراوەتە خوارەوە.