دەزگای ئاسایش: بە شەش درۆن هێرشکرایە سەر شاری سلێمانی

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە رێگەی شەش درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگای هێزەکانی 70 و ناوچەی نزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسووڵخانەی تورکیا، دەشڵێت "هێرشەکان هیچ زیانێکی مرۆییان لێنەکەوتووەتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە بەرەبەیانئی ئەمڕۆ یەکشەممە (8ـی ئاداری 2026) بڵاوکراوەتەوە، "دووجار لەسەر یەک و بە چوار درۆن بارەگای هێزەکانی (70) کراوەتە ئامانج."
سەبارەت بە زیانەکان و  رێکارە ئەمنییەکان، ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی هەردوو رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە. جەختیشیان کردووەتەوە کە "هێرشەکان هیچ زیانێکی مرۆییان بەدواوە نەبووە."
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممەش بە درۆن هێرشکرایە سەر فەرماندەیییەکە، بەڵام درۆنەکە بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، خرایە خوارەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جگە لە هێزەکانی 70، "بە دوو درۆنی دیکە هێرشکراوەتە سەر نزیک هەردوو بارەگای (UN) و نووسینگەی کونسووڵگەری تورکیا لە شاری سلێمانی."
 
شەوی شەممەش بە مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزەڵەی سنووری سلێمانی، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە گیانی لە دەستدا و یەکێکیش بریندار بوو.