نرخی گازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەوە بەرز دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان نرخی گاز (LPG) کە زیاتر لە ماڵان بەکاردەهێندرێ، بەشێوەی بازرگانی بەرزبووەتەوە و بوتڵێک لە نزیکەی 9 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە سەروو 15 هەزار دینار. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بەهۆی جەنگەوە هۆکارە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی لە هەولێر لەنێوان 17 بۆ 20 هەزار دینارە، لە سلێمانی 15 بۆ 17 هەزار دینار و لە دهۆک 14 بۆ 15 هەزار دینارە.
 
ئەندازیار قارەمان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرزبوونەوەی نرخ هۆکارەکەی راگیرانی بەرهەمهێنانی گازە لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی دابەشکردنی گازی حکومی".
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، بەرهەمهێانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگیرا. ئەو هەنگاوە جگە لە کەمبوونەوەی گازی ماڵان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.
 
بەرپرسی بەشی گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتی: "دابەشکردنی گازی حکومی بەردەوامە، بەڵام کەمە و ئەوەی هەیە زیاتر لە هاوینی رابردوودا کۆگا کراوە کە خواست لەسەری کەم بووە".
 
قارەمان عەبدولڕەحمان گوتی: "بەشێکی کارگەکانی سنووری سلێمانی بەشیان لە کەرکووک هەیە و لەوێ گاز وەردەگرن، ئەوەش باشبووە بۆ رێگری لە زۆر بەرزبوونەوەی نرخی گازی بازرگانی".
 
بەرپرسی بەشی گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، کە گاز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی نەیەت".
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەیەتی، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پاڵپشتیی زیاترکردنی بەرهەمی بۆ کردووین و دابەشکردنی گازی حکومی بەردەوامە".
 
گازی حکومیی لە هەرێمی کوردستان بوتڵێکی بە 8500 دینار دابەش دەکرێ. کارزان رەئووف گوتی: "لیژنەی هاوبەش سەرپەرشتی دابەشکردنی گاز دەکەن و رێگەنادەن هیچ کەسێک بە ویستی جیاواز بۆ بەرزکردنەوەی نرخ گازی زیاتر وەربگرێت".
 
لە هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی گازی حکومی بە ماڵان رانەگیراوە، بەڵام نرخی بازرگانییەکە بەرز بووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، داوا بریکارەکانی خۆراکی لەنێو شار دەکەن، سەردانی کۆمپانیای دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی بکەن بۆ ئەوانەی تاکو ئێستا کارتی سووتەمەنیان دەرنەهێناوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بۆ دابەشکردنی گازی حکومی لە ماڵان، "بەم زووانە دابەشکردن دەبێتە سیستمی ئەلیکترۆنی".