بەڕێوەبەری پەروەردەی سنە: 65 قوتابخانە لە هێرشەکاندا زیانیان بەرکەوتووە و قوتابییەک کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، 65 قوتابخانە لەو پارێزگایە زیانیان بەرکەوتووە و قوتابییەکیش کوژراوە؛ هاوکات قوتابخانەیەکیش لە ورمێ بەهەمان هۆکار وێران بووە.
فۆئاد حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە رایگەیاند: "لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، 65 قوتابخانە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە."
بە گوتەی حوسێنی، ئەو قوتابخانانە دەکەونە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە و ئاستی زیانەکانیشیان جیاوازە، کە "لە شکانى شووشەوە بگرە تاوەکو زیانی زۆر گەورە لەخۆدەگرێت."
بەڕێوەبەری پەروەردەی سنە ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە دەکەونە شارەکانی سنە، سەقز و کامێران. هەروەها ئاشکرای دەکات کە لەو ماوەیەدا قوتابییەکی خەڵکی دیواندەرە بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراوە.
لەبارەی دوایین هێرشەکانەوە، فۆئاد حوسێنی دەڵێت، ئێوارەی رۆژی هەینی قوتابخانەی کچانی "حیجاب"ـی حکومیی نموونەیی لە شاری سەقز کراوەتە ئامانج و وێران بووە، بە جۆرێک کە ئێستا بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت.
روونیشی دەکاتەوە: "لەو هێرشەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە، ئەوەش دەریدەخات کە لە کاتی رووداوەکەدا قوتابخانەکە چۆڵ بووە و هیچ هێزێکی لێ نەبووە."
لە لایەکی دیکەوە و هەر بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، قوتابخانەی "عیسمەت" لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانی بەرکەوتووە و ئیدی بۆ بەکارهێنان شیاو نییە. ئەو قوتابخانەیە کە ساڵی 1979 کراوەتەوە، لە تواناید بووە ساڵانە زیاتر لە 2000 قوتابی وەربگرێت.