پێشبینی روودانی بوومەلەرزەیەک لە باکووری کوردستان بە گوڕی سەروو 7 پلە دەکرێت
رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلە روویدا و لە چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا هەستی پێکرا. پسپۆڕێکی جیۆلۆجی دەڵێت، ئەو شوێنەی بوومەلەرزەکە تێیدا روویداوە پێشتر بوومەلەرزەی بەهێز تێیدا روویداوە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویشدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی سەروو 7 پلەی رێختەر تێیدا رووبدات.
رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 11:29 خولەکی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای چەولیگ لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
هەر ئەمڕۆ د. شەفیک ئیمام ئۆغڵۆ، پسپۆڕی جیۆلۆجی لە باکووری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆ روویداوە لەسەر هەمان ئەو هێڵەیە کە رۆژی 1-5-2003 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 روویدا و لە ئەنجامدا 170 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەگەرچی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی چەولیگ پلەکەی هێندە بەرز نەبووە کە زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، بەڵام خەڵکی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان لە دڵەڕاوکێدا دەژین و بەشێکیان لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە.
ئەو پسپۆڕەی جیۆلۆجی دەڵێ، پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی زیاتر لە 7 پلەی رێختەر رووبدات و لە چەندین پارێزگای دیکەی باکووری کوردستانیش هەستی پێ بکرێت.
6ـی شوباتی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان روویدا، لە ئەنجامدا زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا و چەند شارێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند و بووە هۆی گیانیان لەدەستدانی زیاتر لە 55 هەزار کەس.
لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە، نزیکەی 25 هەزار پاشلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون.