بودجەى کەرکووک و دابەشکردنى کێشە دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەرکووک کێشەى لێ نابڕێت، خۆى کێشەلەسەرە لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئێستاش پشکەکەى لە بودجە سەرئێشەیەکى دیکەى دروستکردووە. شارێکی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام پارەى تەرخانکراو لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 لە ئاست داهاتەکانی نییە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساى بودجەى 2023، مانگانە 55 ملیۆن دۆلار لە پارەى پترۆدۆلار بۆ کەرکووک تەرخانکراوە، لە ساڵێکدا دەکاتە 660 ملیۆن دۆلار. جگە لەوە دیارترین ئەو بڕگانەى کە پرۆژەیاساکەدا هاتووە لەبارەى کەرکووک نۆژەنکردنەوەى پەیمانگەى تەکنیکى حەویجە بە بڕى پێنج ملیۆن دۆلار لە سندووقی ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکان، تەرخانکردنى 243 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار لە قەرزى بانکى هەناردە و هاوردەى ئەمریکا بۆ پڕۆژەى وێستکەى گازى بەرهەمهێنانى کارەبای لە کەرکووک، قەرزکردنى 112 ملیۆن و 205 هەزار یۆرۆ لە دامەزراوەى بانکى هەناردەى ئەڵمانی بۆ ئامادەکردنەوەى تەواوى وێستگەى کارەباى کەرکووک. ئەوە سەربارى 275 ملیار و 826 ملیۆن و 275 هەزار وەک بودجەى حکومەتى خۆجێی کەرکووک.
لە ساڵى 2017ـەوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک لە کورد وەرگیراوەتەوە و لەلایەن راکان جبووری بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت کە عەرەبێکی سوننە مەزهەبە.
یەکێک لە ماددەکانى بودجە دەسەڵات بە پارێزگار دەدات جێگۆڕکى لە پارەى شارەوانییەکانى سنوورى پارێزگاکە بکات، ئەوەش مەترسی دروستکردووە.
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "پارێزگاى کەرکووک ئالیەتێکى روونى نییە، بۆ دابەشکردنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لەکاتێکدا بەپێى یاساى پاڵپشتى ئاسایشى خۆراک دەبێت پارێزگار پەیوەست بێت بە پێوەرى چڕى دانیشووان و پلانى یەکە ئیدارییەکان، بەڵام ئەوەى کە دەرکەوت پێچەوانەکەى بوو کە پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت بەمەبەست یاسا پێشێل دەکات لە رێگەى پێشێلکردنى بنەماى دادوەرى لە دابەشکردنى پڕۆژەکاندا."
ئەو جیاکارییەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی باسی دەکات، لە دامەزراندنیش رەنگی داوەتەوە، هەفتەی رابردوو 17 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای کەرکووک کرانە هەمیشەیی، کە 10 هەزاریان لە نەتەوەی عەرەب بوون.