سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی: بەهۆی وروژاندنی خانەنشینی چەند پەرلەمانتارێک هەڕەشەم لێدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەڵێت، بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەبارەی خانەنشینکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان بە نایاسایی لەماوەی چەند کاژێرێکدا چەندین هەڕەشەیان لێکراوە، وەکو ئەو باسی دەکات، ئەو پەرلەمانتارانە کەمتر لە 9 خولەک قسەیان کردووە و داوای خانەنشینی دەکەن. 
 
2 پەرلەمانتاری گۆڕان، 2 پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیسلامی و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کە هەموویان چەند مانگێک دەوامیان لە پەرلەمان کردووە، داوای مووچەی خانەنشینی دەکەن. 
 
بەپێی یاسای چاکسازیی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەو پەرلەمانتارانە نەک تەنیا خانەنشینی نایانگرێتەوە بەڵکو تەنانەت دەبێت ئەو مووچانەش بگەڕێننەوە کە پێشتر وەریانگرتووە.
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشکرا گوتی: لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەو پەرلەمانتارانە 5 مانگ و 4 پەرلەمانتاریشیان تەنیا دوو مانگ دەوامیان کردووە، بەڵام داوای خانەنشینی دەکەن.
 
ئەو 5 پەرلەمانتارە وەکو ئینستیتیوتی پەی بڵاویکردووەتەوە، نووسراوێکی هاوبەشیان کردووە و داوای خانەنشینی دەکەن، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانیش نووسراوی پەرلەمانتارانی بردووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و داکۆکیی لێکردوون تاوەکو خانەنشین بکرێن.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە مووچەیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، داوای خانەنشینیشیان کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دەبووایە مووچەکانیان بۆ ‏گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك مووچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە ئێستا لیستیان ‏دروستكردووە".
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان گوتی: بەپێی یاسای چاکسازیی هەرێمی کوردستان ئەو 5 پەرلەمانتارە خانەنشینی نایانگرێتەوە، چونکە بەپێی یاسای چاکسازیی پەرلەمانتار بە چەند مەرجێک خانەنشین دەبێت لەنێو مەرجەکانیشدا هاتووە کە دەبێ دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.
 
گوتیشی: ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بڕیاربدات بە خانەنشینکردنی نایاسایی ئەو پەرلەمانتارانە، ئەوا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆماردەکرێت و ئەوکات دادگەکە رەتیدەکاتەوە، چونکە پرۆسەی خانەنشینکردنەکە سەرلەبەری نایاساییە چ بە یاسای چاکسازیی هەرێمی کوردستان و چ بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی.
 
"بەپێی ئەو بەڵگە و دۆكیۆمێنتانەی ئینستیتیوتی پەی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکردوون ، پێنج لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای  6-11-2022 بە نایاسایی سوێندیان خواردبوو، ‏داواكارییەكیان پێشكێش بە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردووە و داوای خانەنشینی دەكەن، ئەوانیش بریتین لە:
 
- سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان: بزووتنەوەی گۆڕان
- دلێر عەبدولخالق حاجی: بزووتنەوەی گۆڕان
- عەبدوڵڵا حەسەن ‏حەمەد: بزووتنەوەی ئیسلامی
- لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: بزووتنەوەی ئیسلامی
- بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل: یەكگرتووی ئیسلامی (دوای سوێندخواردنی، یەکگرتوو لە ریزەکانی دەریکرد).
 
ئینستیتیوتی پەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان بێ ئەوەی پشتگیری لە داواکاریی ئەو پێنج پەرلەمانتارە بکات، یاداشتەکەی ئەوانی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەلایەن وەزیری داراییەوە براوەتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 27ـی ئاداری 2024، بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە ئەگەری هەیە سەرجەمیان خانەنشین بکرێن.
 
ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەپێی راپۆرتەکە، یەكێكیان بەشداری پێنج كۆبوونەوە و ئەوانەی دیکە بەشداری تەنیا سێ كۆبوونەوەیان ‏كردووە. هیچ كامیان هیچ پڕۆژەیاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان ‏نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوون تەنیا 8 خولەک و 45 چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە، هەروەها لە بەرامبەردا پێکەوە 172 ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە.