پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو: 40 هەزار فەرمانبەری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دەوڵەتدا جێگیر دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری حەسەکە رایدەگەیێنێت، رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026ی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە و ئێستا هەنگاوە کردەیییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستیان پێکردووە.
 
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، بەم دواییانە چەندین بڕیار بۆ دەستبەکاربوونی کەسایەتیی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی دەرچوون، روونیشیکردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی چوار لیوادا رێکخراونەتەوە؛ سێ لیوایان لە نێو فەیلەقێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان لە پارێزگای حەسەکە و لیوایەکی دیکەشیان لە نێو فەیلەقێکی وەزارەتی بەرگرییە لە پارێزگای حەلەب (ناوچەی کۆبانی).
 
پارێزگاری حەسەکە باسی لە رێکخستنەوەی ئەفسەر و کارمەندانی "ئاسایش" لە نێو وەزارەتی ناوخۆی سووریادا کرد. سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانیش، نوورەدین ئەحمەد ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا 600 خێزانی ئاوارەی عەفرین بە دوو قۆناخ گەڕاونەتەوە و پرۆسەکە تاوەکو داخستنی تەواوەتیی دۆسیەی ئاوارەکانی عەفرین بەردەوام دەبێت.
 
پەیوەست بە دۆسیەی دەستگیرکراوان، پارێزگاری حەسەکە گوتی، گەڕانەوەیان بۆ نێو خێزانەکانیان لە کارە لەپێشینەکانە و گوتی: "بێ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گیراوانی هەردوولا، هەنگاوەکان هیچ مانایەکیان نابێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە:
 
رووداو: جەنابی پارێزگار، باس و خواستێکی زۆر لەسەر گفتوگۆکانی لێکتێگەیشتن و یەکخستن هەیە. ئەم لێکتێگەیشتنانە بە کردەیی گەیشتوونەتە چ قۆناخێک؟ ئایا بەم زووانە هەنگاوی کۆنکرێتی دەبینین؟
 
نوورەدین ئەحمەد: سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بە رێککەوتنەکەی 29ی کانوونی دووەمی 2026 بکەم کە لە نێوان حکومەت و هەسەدە واژۆ کرا. ئێستا هەنگاوە کردەیییەکان لە مەیداندا جێبەجێ دەکرێن، لەوانە دەرچوونی چەندین بڕیار بۆ دامەزراندنی کەسایەتیی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی. هەروەها هەسەدە لە چوارچێوەی چوار لیوادا رێکخراوەتەوە؛ سێ لیوا لە حەسەکە و یەک لیوا لە کۆبانی کە هەموویان سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان. ئەندامانی ئاسایشیش خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ. لە پرسی ئاوارەکانیشدا هەنگاوی باشمان ناوە و 600 خێزانی عەفرین گەڕاونەتەوە. بۆ سەرێکانی و گرێ سپیش کارەکان بەردەوامن بۆ رەخساندنی ژینگەی گونجاو و چۆڵکردنی خانوو و گوندەکانیان لەو کەسانەی ئێستا تێیدان. بە کورتی، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەتی هەموو سوورییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەردەوامە.
 
رووداو: جیاوازییەکی روون لە تێڕوانینەکاندا هەیە سەبارەت بە تایبەتمەندیی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان - یەپەژە.  حکومەتی سووریا بوونی لیوایەکی تایبەت بەوان رەتدەکاتەوە. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیە هەستیارەدا دەکرێت؟
 
نوورەدین ئەحمەد: سەبارەت بەم پرسیارە، دەتوانن لە فەرماندەکانی خۆیان بپرسن، بەڵام ئەوەی من بزانم گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە. وەزارەتی بەرگری دەڵێت لە پێکهاتەکەیدا بەشی تایبەت بە ژنانی نییە، بۆیە پێشنیازی کردووە لە نێو وەزارەتی ناوخۆدا جێگیر بکرێن و ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیەیە.
 
رووداو: خەڵک بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان تووشی زەحمەتیی زۆر دەبن. کەی هاووڵاتییانی حەسەکە دەتوانن چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی کارەکانی فەرمانگەکانی وەک باری شارستانی، پاسپۆرت و کۆچ و کۆچبەران بکەن؟
 
نوورەدین ئەحمەد: کارەکان بۆ یەکخستنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە نێو پێکهاتەی دەوڵەتدا بەردەوامن. لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا هەنگاوی باشمان ناوە. کارەکان بە جیدی بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەی هەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ئەمە کاتی دەوێ. زۆربەی فەرمانگەکان کارەکانیان بەیەکەوە بەستراوە. بۆ نموونە، تاوەکو بانکەکان کارا نەکەین، ناتوانین زۆر فەرمانگەی دیکە کارا بکەین. کاراکردنی بانکەکانیش بەستراوەتەوە بە کەرتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیاوە. تاوەکو ئێستا چوار بەڕێوەبەرایەتی دەستیان بە کار کردووە و ئەوانی دیکەش یەک لە دوای یەک کارا دەکرێن، بۆیە ناتوانین رۆژێکی دیاریکراو رابگەیێنین.
 
رووداو: سەبارەت بە دەستگیرکراوان و گیراوان، ئێستا چ کارێک لە ئارادایە؟
 
نوورەدین ئەحمەد: گەڕانەوەی ئەوان بۆ نێو خێزانەکانیان بە زووترین کات، یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە. گوشارێکی زۆر هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە. بە بڕوای ئێمە، تاوەکو دۆسیەی گیراوانی هەردوولا کۆتایی نەیەت، هەنگاوەکانی دیکە بێمانا دەبن. مەبەستم ئەو کەسانە نییە کە بەهۆی تاوانکاری یان کێشەی کەسی لە دادگا مەدەنییەکاندا داوەیان لەسەرە. ژمارەیەکیان پێشتر ئازاد کراون و بەڵێن دەدەین هەموو گیراوێک بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی.
 
رووداو: سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی ئێستا لە بەڕێوەبەریی خۆسەر کاردەکەن، ژمارەی گشتییان چەندە؟ ئایا حکومەتی سووریا مەرج یان ژمارەیەکی دیاریکراوی بۆ وەرگرتنیان لە پێکهاتەی دەوڵەتدا داناوە؟
 
نوورەدین ئەحمەد: نزیکەی 40 هەزار فەرمانبەر لە پێکهاتەی کارگێڕی و خزمەتگوزاریی بەڕێوەبەریی خۆسەردا هەن. هەموویان لە نێو پێکهاتەی دەوڵەتی سووریادا جێگیر دەکرێن، هەر کەسە و بەپێی ناونیشانی وەزیفی و بڕوانامەکەی. یەکێک لە کارە لەپێشینەکانمان ئەوەیە کە کەسانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕ بخەینە پێشەوە.
 
رووداو: لە دۆسیەی وزە و کێشە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکاندا، ئایا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکان کراوە؟ پشکی پارێزگای حەسەکە بۆ گەشەپێدانی ناوخۆیی چۆن دیاری دەکرێ؟
 
نوورەدین ئەحمەد: هەموو فەرمانگەکان بە تەواوی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبن. سامانەکان موڵکی هەموو سوورییەکانن لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەت، بەڵام هەندێک پێوەر رەچاو دەکرێن و پشکێکی تایبەت بۆ پارێزگاکانی وەک حەسەکە، دێرەزوور و رەققە تەرخان دەکرێت بۆ گەشەپێدانیان، چونکە ئەم ناوچانە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا بە تەواوی فەرامۆش کرابوون.
 
رووداو: بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ چۆن دەبێت؟ ئایا کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانە دیاریکراوە؟
 
نوورەدین ئەحمەد: دەروازەکان پەیڕەوی هەمان ئەو رێکارە کارگێڕییانە دەکەن کە باسمان کردن. ئێستا کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ بەردەوامە و هەر کاتێک ئامادە بوو دەخرێتە خزمەتەوە، رۆژێکی دیاریکراومان لەبەر دەست نییە. ئەو سیستمەی لە پارێزگاکانی دیکەی سووریا هەیە، لە حەسەکەش جێبەجێ دەکرێت و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەو شوێنانەدا دەستبەکار دەبن.