زیاتر لە 7 مانگە دوو تانکەری هاونیشتمانییەک دەستبەسەرن و پۆلیسی سلێمانیش روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای سەیدسادق سکاڵای ئەوە دەکات لەلایەن 'باندێکەوە' کە خۆیان بە شۆفێر ناساندووە، فێڵی لێکراوە و تانکەرەکانی بردراون. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکان بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرن.
عەبدوڵڵا ئەحمەد عەزیز، خاوەنی دوو تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنییە، چیرۆکی "فێڵ لێکردنەکەی" بۆ رادیۆی رووداو گێڕایەوە و گوتی، لە ئابی 2025دا دوو کەس لە رێگەی گرووپێکی واتسئاپەوە خۆیان وەک مەندووب ناساندووە بۆ گواستنەوەی گاز لە سلێمانییەوە بۆ ئەفغانستان، هاتن و رێککەوتن بە هەزار و 800 دۆلار هەردوو بارەکە ببەنە ئەفغانستان و بگەڕێنەوە، بەڵام دوای چوار رۆژ لە رێگەی بۆیاخچییەکەوە زانیویەتی خەریکی گۆڕینی رەنگی تانکەرەکانن بۆ ئەوەی وەک ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە بیانفرۆشن.
بەگوتەی عەبدوڵڵا، دوای 7 مانگ لە بەدواداچوون، ئێستا هەردوو کەلەی بارهەڵگرەکە لە بنکەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد و تانکەرەکانیش لە بنکەی پۆلیسی عەربەت دەستبەسەرن، دەڵێت، "دزەکان دەستگیرنەکراون."
ئەو هاونیشتمانییە ناوی تۆمەتبارەکان دەهێنێت و دەڵێت: "(س. ئـ. س) کە دانیشتووی کەلارە و (ر. س) کە دانیشتووی دەربەندیخانە، وەک باندێک کاری قۆڵبڕین دەکەن و تۆمەتباری یەکەم لە سێ بنکەی پۆلیسی کەلاریش فەرمانی گرتنی هەیە."
رائید ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی ئەم کەیسەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و بە فەرمانی دادوەر ئۆتۆمبێلەکان دەستبەسەرکراون. سەبارەت بە دەستگیرنەکردنی تۆمەتبارەکان ئاماژەی بەوە کرد، یەکێکیان دەستگیرکراوە، بەڵام بەهۆی جۆری مادە یاساییەکەوە کەفالەت دەیگرێتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی جەختی کردەوە، پۆلیس لایەنی جێبەجێکارە و ناتوانێت بەبێ بڕیاری دادوەر تانکەرەکان بداتەوە بە خاوەنەکەی. گوتیشی: "پێویستە خاوەن سکاڵا داواکارییەک پێشکێشی دادوەر بکات بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکان؛ هەر کاتێک دادوەر بڕیاری دا، ئێمە دەستبەجێ رادەستیان دەکەینەوە."