ژن و مێردێک بە هێرشی درۆنی لە هەولێر شەهید بوون؛ "منداڵەکان هەر داوای دایک و باوکیان دەکەن"
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 12:15 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 7ی نیسانی 2026، دەنگی تەقینەوەی درۆن و بڵێسەی ئاگر شەوی تاریکی لە دانیشتووانی گوندی زەرگەزەوی کرد بە رۆژی رووناک، درۆنێک بەر ماڵی هاونیشتیمانییەکی گوندەکە کەوت و ژن و مێردێکی لە شیرینیی خەودا شەهید کرد.
مووسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ و مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵ ئەو دوو هاوژینەن کە لە هێرشەکەی سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری هەولێر شەهید بوون، دوو کچی بچکۆلانەیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە.
دوو کچە بچکۆلانەکەی مووسا و مژدە ناویان دلینی 5 ساڵ و مەلینی 3 ساڵە. لەکاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، منداڵەکان لە ژوورێکی دیکە بوون و بەو هۆیەوە لە مەرگ رزگاریان بووە.
دوو جگەرگۆشەکەی مووسا و مژدە تەندروستییان باشە، بەڵام بێ هیچ تاوانێک بۆ هەمیشە بێبەش کران لە باوەشی دایک و باوکیان.
عیماد بەدرەدین، کوڕی پووری مووسا دەڵێت، "دوو منداڵی بچووکیان هەیە، بێ دایک و باوک و بێکەس مانەوە. سوپاس بۆ خوا منداڵەکان سەلامەتن، لە ژوورێکی دیکە بوون و بەر هێرشەکە نەکەوتوون. منداڵەکان هیچ نازانن، وەکو شێتیان لێهاتووە، ترساون و هەر دەگرین. منداڵەکان هەر داوای دایک و باوکیان دەکەن، تازە رۆشتن و نەمان!"