نرخی بەنزین لە هەولێر دابەزی و لە سلێمانی جێگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لیتری نزیکەی 100 دینار دابەزیوە و لە سلێمانی وەک خۆیەتی.
 
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی کواڵیتی بەرزی نۆرماڵ بە کۆ بە 850 دینارە."
 
بە گوتەی جەنگی مەجید، لە بەنزینخانەکانی هەولێر لیتری نۆرماڵ بە 890 دینار دەدرێتە شۆفێران، لە کاتێکدا چەند رۆژی رابردوو لیتری بە 980 بۆ 990 دینار بوو.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەندێک بەنزینخانە بەهۆی بەنزینی پێشوویان نرخ دانەبەزێنن، رۆژانی داهاتوو ئەوانیش نرخەکە کەم دەکەنەوە.
 
جەنگی مەجید گوتی، "هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی بەنزینی حکومییە لیتری بە 750 دینار، کە ماوەیەک بوو دابەشکردنی راگیرابوو و  هەربۆیە خواستی زیاتر لەسەر بەنزینی بازرگانی هەبوو."
 
هاوکات بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی مانگێکە نرخی بەنزین لە سلێمانی جێگیرە و گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە."
 
ئەمڕۆ لە سلێمانی نرخی لیترێک بەنزینی کواڵیتی بەرزی نۆرماڵ بە 975 دینارە. هەروەها لیترێک موحەسەن بە 1175 دینار و سوپەر بە 1325 دینارە.
 
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی، "لە سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر رۆژانە بەنزینی حکومی دابەش دەکرێ و لیتری بە 750 دینارە."
 
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی سووتەمەنی و لەنێویاندا بەنزین، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی جیهان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.