65 هەزار دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم ژێرئاو كەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێ، لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نزیكەی 65 هەزار دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم ژێرئاو كەوتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو زەویانە لە نزیك دەریاچە و رووبەرە ئاوییەکانە و پێشتر خاوەنەكانیان قەرەبوو كراونەتەوە."
پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندكردنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 07-04-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر جووتیار بە ئومێدی ئەوەی بەرهەمێكی باشیان هەبێت، نزیك لە دەریاچە و رووبەرە ئاوییەکانی دیکە گەنم دەچێنن.
ئەو بەرپرسە گوتی، هەندێ ساڵ كە باران كەم دەبێت، ئەو جووتیارانە بەرهەمی باشیان دەبێت و ئەو ساڵانەش كە باران زۆر دەبێت، گەنمەكەیان ژێرئاو دەكەوێت.
پشتیوان حەمەعەلی گوتی، "ئەم ساڵ كە باران زۆر باریوە، لە سنوورەكانی پشدەر، دووكان، شارەزوور، هەڵەبجە و دەربەندیخان نزیكەی 65 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بەگەنم ژیرئاو كەوتووە. بەشی زۆری ئەو رووبەرە لە سنووری دەروازەی راپەڕینە."
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندكردنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر هەموو ئەو كەسانەی زەویان نزیك دەریاچەكان هەبووە قەرەبوو كراونەتەوە، بەڵام ساڵانە هەر دەیچێن.