وەزارەتی پێشمەرگە دوو هێرشی درۆنی بۆسەر بارەگایەکیان پشتڕاست دەکاتەوە: خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو هێرشی درۆنی بۆسەر بارەگایەکیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێت، بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانە "دەخەینە ئەستۆی ئێران و گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق."
 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو 6ی نیسان لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، "کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئاراستە کرابوون،" هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەمان شەو سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون، ماڵی پێشمەرگەیەکی بەناوی (مووسا ئەنوەر) بەئامانج گرت، بەهۆیەوە پێشمەرگەکە و هاوژینەکەی شەهید بوون.
 
وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت." هەروەها بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەشی خستووەتە ئەستۆی "ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق."
 
وەزارەتەکە داوایشی لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە، ئەرکە یاسایی و ئەمنی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت.
 
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:
 
شەوی رابردوو، 6ی نیسانی 2026، لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە لەلایەن گرووپە تیرۆرستیە لە یاسا دەرچوەکانەوە ئاراستە کرابوون، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین. هەر هەمان شەو، لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (موسا ئەنوەر) بە ئامانج گیرا، کە بەداخەوە خۆی و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
 
ئەم دەستدرێژیانە، بەردەوامیی ئەو زنجیرە هێرشە تێکدەرانەیە کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان. وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.
 
جارێکی تر بەرپرسیارێتیی ئەم بۆردومانانە دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکانی عێراق.
 
لەسەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێویستە ئەرکە یاسایی و ئەمنی و دەستورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سنوورێک بۆ ئەم هێرش و بۆردومانانە دابنێت.
 
وەزارەتی پێشمەرگە
7ی نیسانی 2026