جەیشول غەزەب، گرووپێکی 41 رۆژە، هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستانی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداری تەمەن 41 رۆژە، بەرپرسیارێتی لە هێرشێک بۆسەر هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ، کە بەشێکە لەو گرووپەی بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) ناودەبرێ و لە ئێرانەوە نزیکە. زۆربەی هێرشەکانی ئەو گرووپە بە ئاراستەی کوێت و بەحرێن بوون.
بەیانی سێشەممە 7ی نیسان، ناوی ئەو گرووپە بەسترایەوە بەو هێرشە درۆنیانەی کە لە 28ی شوباتەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، کاتێک گوتی: "هێرشمان کردووەتە سەر باکووری عێراق."
ئەو گرووپە لە 25ی شوبات و سێ رۆژ بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوە، کە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەو کاتە، وەک بەدەنگەوە چوونی فەتوای مەرجەعیەت دامەزراوە بۆ بەشداریکردن لەو جەنگەی کە بە پیرۆز و رەوا ناوی بردووە.
راگەیاندنی ئەو گرووپە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ جەنگێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
راگەیێندراوەکانی ئەو گرووپە لە تۆڕى تێلیگرام بە ئاڕاستەی بەرپرسیارێتیی هێرش لە ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییانی ئەمریکا و هاوپەیمانیان لە ناوچەکەدا بووە.
لە 28ی شوباتەوە "جەیشول غەزەب" (سوپای تووڕەیی) هێرشەکانی دەستپێکرد، کە گوایە ئەو رۆژە هێرشی کردووەتە سەر بنکەی نەیارانیان لە ناوچەکە.
لە 41 رۆژی دامەزراندنیدا ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی 31 هێرشی گرتووەتە ئەستۆ کە 12یان بۆسەر بەحرێن و نۆیان بۆسەر کوێت بوون، پێنجیشیان بنکەی پشتیوانیی باڵیۆزخانەى ئەمریکایان لە بەغدا کردووەتە ئامانج؛ چوار لەو هێرشانەشی کە بەرپرسیارێتی راگەیاندووە، بۆسەر هەرێمی کوردستان بوون.
"جەیشول غەزەب" لەگەڵ "ئەولیائودەم" و "ئەسحابولکەهف"، سێ کوچکەی ئەو گرووپانەن کە لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەیان گرتووەتە ئەستۆ کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
گرووپى موقاوەمە کە وابەستەى ئێرانە، لە 38 رۆژى جەنگدا بەرپرسیارێتی 812 هێرشی لە ئەستۆ گرتووە بۆسەر هەرێمى کوردستان، نێردەى دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراق و بنکەکانى لە ناوچەکە کراون.