پۆلیسی ئاکرێ تیکتۆککەرێکی بۆ دووەمجار دەستگیرکرد کە لە لایڤدا 'قسەی نەشیاوی' دەکرد

 
رووداو - دهۆک

پۆلیسی ئاکرێ کەسێکیان دەستگیر کرد کە لە لایڤی تیکتۆکدا "قسەی نەشاوی" لەگەڵ کچێکدا کردووە. بەپێی بەندی ژمارە 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستبەسەر کراوە.
 
عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە ئەمڕۆ ئەو تیکتۆککەرەی بەناوی (ع. ح. م) دەستگیر کردووە، کە تەمەن 18 ساڵە، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی "دەستەواژەی نەشیاو" لە لایڤی تیکتۆکدا.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو تیکتۆککەرە لە لایڤێکدا "قسەی نەشیاوی" بە کچێک گوتووە. لایڤەکە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی فراوانی بەدوادا هات. بە گوتەی پۆلیسی ئاکرێ، بەشێک لە دەستەواژەکانی لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگە نەدەگونجان.
 
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتیشی، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لە ئاکرێ توانییان کەسەکە دەستگیر بکەن. بەپێی بەندی 2 لە یاسای سزا ئەو کەسە راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
پۆلیسی ئاکرێ پێشتریش هەمان تیکتۆککەریان بە هەمان تۆمەت دەستگیر کردووە و بە کەفالەت ئازاد کرابوو.