دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەم ساڵ 388 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێت، ئەم ساڵ 388 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەست بەسەر نزیکەی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-05-2025، عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە سلێمانی راگەیاند: ''ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 388 تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە 72ـیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون".
 
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتی، 173 کەس لەوان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون. 
 
وەک گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر ئەم ساڵ دەست بەسەر نزیکەی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە و بەو جۆرەش ''توانیومانە رێگربین لە بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر و ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوچەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەکە.''
 
بەگوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، زۆربەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە و ئەوەش بە ''مەترسی'' بۆ سەر کۆمەڵگە دەزانێت.
 
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم گوتی: ''بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر نەبووەتە دیاردە و ئەگەر لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەرواردی بکەین، ئێمە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان زۆر پێشکەوتووترین، بۆیە دۆخەکە مەترسیدار نییە و لەژێر کۆنترۆڵدایە.''
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.