گوتەبێژەکەی: قوباد تاڵەبانی داوای لە ئەردۆغان کردووە ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژەکەی رایگەیاند، لەو گرتە ڤیدیۆییەی قوباد تاڵەبانی کە بڵاوبووەتەوە، داوا لە کۆمپانیای تورکش ئێرلاین دەکات بە سەرووی خۆیان بڵێن، ئاسمانی تورکیا بەڕووی "فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکەنەوە." ئاماژە بەوەش کرد، "لە سەردانەکەی ئەردۆغانیش بۆ هەولێر، راستەوخۆ ئەو داوایەی خستووەتە بەردەم سەرۆککۆماری تورکیا."
 
لە دیمەنێکدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمپانیانی تورکیش ئێرلاین، لە پێشانگەی گەشتیاریی هەولێر دەردەکەوێت و دەڵێت، "پێیان بڵێ، فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەنەوە، ئێوەش کاری زیاترتان دەبێت و قازانج دەکەن، گەشتیاری زیاتر دەتوانن تورکیش ئێیرلاین بەکاربهێنن."
 
لەوبارەوە رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاک قوباد بە بەڕێوەبەری ئەو بۆکسەی تورکیش ئێرلاینی گوت، بە سەروو خۆتان بڵین، فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەنەوە، با ئێوەش کارتان زۆرتر ببێت."
 
لەبارەی دوایین هەوڵەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلیمانی، سەمیر هەورامی ئاماژە بەوە دەکات، "بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردووەتەوە، تەنانەت لە دوایین سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و لە کۆبوونەوە لەگەڵیدا، قوباد تاڵەبانی بە ئەردۆغانی گوتووە؛ پەیوەندیی سلێمانی و تورکیا پەیوەندییەکی دێرینە، مام جەلال ئاڵاهەڵگری ئەو پەیوەندییە بووە، دەمانەوێت لەسەر هەمان رێچکە بڕۆین، ئەو بڕیارەی دراوە زەرەری بە خەڵکی سلێمانی گەیاندووە، خەڵکی سلێمانی دووژمنی ئێوە نین."
 
لە 3ی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرت، هەروەها تورکیا ئاسمانی بەسەر ئەو فڕۆکانەدا داخستووە کە گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەن.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووەتە نێو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.