ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو سعودیە بەرێدەکەوێت.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم کاروانی هاونیشتمانییان بۆ حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێدەکەون، کە ژمارەیان 147 کەسە.
 
ئەمساڵ 5,120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، بۆ گواستنەوە و خزمەتکردنیان 105 کۆمپانیا راسپێردراون، هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیارێتیی 49 حاجی لە ئەستۆ دەگرێت.
 
گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 11ی ئەمشەویش دووەم کاروان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر بە رێدەکەوێت کە بەهەمان شێوە ژمارەیان 147 کەسن. پرۆسەکەش تاوەکو 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 
 
گەشتەکان لە رێگەی 33 فڕۆکەوە دەکرێن، زۆرینەی فڕۆکەکان 147 کەسیان تێدا دەبێت و بەشێکیشیان 245 کەس هەڵدەگرن.
 
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکە، پێنجشەممە 7ـی ئایار، دوو گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ هاونیشتمانی هەولێر دەکرێت. هەروەها 8ـی ئایار دوو گەشتی دیکە بۆ هاونیشتمانیانی هەولێر بۆ سعودیە دەکرێت.
 
دەستەی حەج و عومرە دەڵێت، 9ـی ئایار دوو گەشتی هاونیشتمانیانی دهۆک لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ سعودیە دەکرێت. هەروەها 10ـی ئایار یەک گەشتی هاونیشتمانیانی زاخۆ لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ سعودیە دەکرێت.
 
لەبارەی هاونیشتمانییانی سلێمانییەوە، لە خشتەکەدا هاتووە، 11ـی ئایار دوو گەشتی فڕۆکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی دەبێت بۆ سعودیە.
 
12ـی ئایار گەشتێکی هاوبەش بۆ هاونیشتمانییانی دهۆک و زاخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ سعودیە دەکرێت.
 
هەر 12ـی ئایار، دوو گەشتی ئاسمانیی بۆ هاونیشتمانییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکرێت لە پارێزگای سلێمانی.
 
لەبارەی گەشتی هاونیشتمانییانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج، لە خشتەکەدا هاتووە، 13ـی ئایار بە گەشتێک لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانییەوە دەگەیێندرێنە سعودیە. هەر 13ـی ئایار گەشتێکی هاوبەشی هاونیشتمانییانی رانیە و سلێمانی هەیە بۆ سعودیە.
 
گەشتەکانی دیکە بەگوێرەی خشتەکە بەمشێوەیە دەبێت:
 
14ـی ئایار سێ گەشت بۆ هاونیشتمانییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەکرێت.
 
14ـی ئایار دوو گەشت بۆ هاونیشتمانییانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانییەوە دەکرێت.
 
15ـی ئایار دوو گەشت بۆ هاونیشتمانییانی هەولێر لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەکرێت.
 
15ـی ئایار گەشتێک بۆ هاونیشتمانییانی دهۆک لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەکرێت.
 
15ـی ئایار دوو گەشت بۆ هاونیشتمانییانی پارێزگای سلێمانی لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانییەوە دەکرێت.
 
16ـی ئایار لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە چوار گەشتی ئاسمانی دەکرێت، دوویان بۆ هاونیشتمانییانی هەولێر و دووەکەی دیکە دهۆک.
 
16ـی ئایار، گەشتێک بۆ هاونیشتمانییانی سلێمانی دەکرێت لە فڕۆکەخانەی شارەکەوە.
 
17ـی ئایار سێ گەشتێکی ئاسمانیی بۆ هاونیشتمانییانی سلێمانی لە فڕۆکەخانەی شارەکەوە دەکرێت.
 
17ـی ئایار گەشتێک بۆ هاونیشتمانییانی هەولێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەکرێت.