ئێران بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشی کردەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بە چەند مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر کەمپ و بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
شەوی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی گوت: "بە سێ درۆن هێرش کراوەتە سەر زەریەسپی لە نزیک شاری کۆیە."
بە گوتەی کاوە بەهرامی، درۆنەکان لەنێو ماڵەکانی نێو کەمپەکە کەوتوون و زیانی مادی هەبووە."
لە لایەکی دیکەوە، کەمپی بالیسانی سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەوە. عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە بە رووداوی راگەیاند، 4 مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کراون؛ دووانیان لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و دووانەکەی دیکە، یەکێکیان لەناو کەمپەکە و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە.
هەر لەوبارەیەوە، ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو دوو درۆن و چەند مووشەک بە ئاراستەی بنکەکانی ئەو حیزبە لە بالیسان هاتوون کە لەلاین فرۆكەی هاوپەیمانان خراونەتە خوارەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ چوارشەممە، بە دوو درۆنی دیکە هێرش کرابووە سەر بنکەی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکرات لە گردەچاڵ لە نزیک هەولێر. کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بە رووداوی گوت، درۆنەکان بەر چەند خانووێک کەوتوون و تەنیا زیانی مادییان هەبووە.
لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی ناوچەکەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زیاتر لە 120 هێرش کەمپەکانی کۆمەڵە، و بە 119 مووشەک و درۆنیش کەمپ و ناوەندە تەندروستییەکانی حیزبی دیموکراتی کردووەتە ئامانج.
بە گشتی، لە 28ی شوباتی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی 735 هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە، کە زیاتر لە 30 لەو هێرشانە لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە ئەنجامدراون.