بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیان؛ شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستپێکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵا بۆ ئەو مەبەستە کۆببنەوە و دواتریش بچنە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی کۆببنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەست بە رێکارەکان کراوە لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی باڵا کۆدەبێتەوە".
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوڵ، شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان؛ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
لەبارەی کاتی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەحمەد مام رەسوڵ دەڵێت، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە شاندەکە بچنە بەغدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو ئەندامانی شاندەکە لە کوردستان نەبوون، سەردانەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی گوتی: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندەکە سەرەتا لە هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و دواتر رۆژێک دیاری بکەن و بچنە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دەزگای زیندانییە سیاسییەکان؛ لەوێ کۆنووسێکی هاوبەش واژۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی بودجەی پێویست و هاوتاکردنی مافەکانیان."
ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مووچەکانیان دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و سەرجەم ئەو ماف و ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە کە زیندانیانی سیاسیی عێراق هەیانە.
پرۆسەی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی دوای ئەوە دێت کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتن. دواتر لە رۆژی 18ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنەکە نیشاندا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. لەو ژمارەیەش: 5,216 کەسیان ئێستا مووچە وەردەگرن. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان تێدا نەکراوە.